چاوه‌ڕوانى گه‌ڕێكى دانوستانه‌كانى كورد له‌گه‌ڵ كازمى ده‌كرێت

  • 18-04-2020, 00:00
  • +A -A

     سلێمانى-اه‌ع-سۆما جاف

    فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامدانى گه‌ڕێكى دانوستانه‌كانن له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو له‌باره‌ى دۆسییه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان وپشكى كورد له‌كابینه‌ى نوێدا.
    ئه‌شواق جاف كادرى پێشكه‌وتووى پارتى دیموكراتى كوردستان ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو كه‌چاوه‌ڕوانى ده‌كرێت شاندێكى كوردى سه‌ردانى به‌غدا بكات بۆ تاوتوێ كردنى چه‌ند دۆسییه‌ك.
    جاف به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"شانده‌كه‌ له‌میان دانوستانه‌كانى هه‌وڵده‌دات پرسى زیادكردنى وه‌زاره‌تێكى نوێ بۆ كورد بخاته‌ڕوو به‌مه‌به‌ستى هه‌ماهه‌نگى كردن نێوان هه‌رێم وبه‌غدا له‌گه‌ڵ پرسى شایسته‌ ومافه‌كانى هه‌رێم وه‌كو قه‌واره‌یه‌كى ده‌ستوورى وئه‌و مافانه‌ ده‌بێت له‌كارنامه‌ى حكومه‌ت جێگیر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى ڕاسته‌قینه‌ جێ به‌جێ بكرێت".
    ڕوونیشیكرده‌وه‌"هاوپه‌یمانى كوردستانى لارى نییه‌ له‌سه‌ر دووباره‌ كاندیدنه‌كردنه‌وه‌ى وه‌زیره‌كانى حكومه‌تى پێشوو بۆ كابینه‌كه‌ى كازمى به‌ڵام خۆى وه‌زیره‌كانى خۆى له‌حكومه‌ت دیارى ده‌كات".
    له‌لایه‌كى تره‌وه‌ جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)دووپاتیكرده‌وه‌"كازمى تاوه‌كو ئێستا هیچ ناو وپاڵێوراوێكى كورد دیارى نه‌كردووه‌"،جه‌ختیشى كرده‌وه‌"ئه‌و لیژنه‌یه‌ى ڕاسپێردراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا تاوه‌كو ئێستا ناوى وه‌زیره‌كانى به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌".
    وتیشى"ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیران گه‌ڕێكى دانوستانه‌كان ده‌ستپێبكات له‌پێناو په‌له‌كردن له‌پێكهێنانى حكومه‌ته‌كه‌ى.
    جێ ئاماژه‌پێكردنه‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو،ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌،دووپاتیكرده‌وه‌،هه‌وڵ ده‌دات كابینه‌یه‌كى حكومى به‌توانا ده‌ستپاك پێكبهێنێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كان.
    كازمى له‌تویتێكدا ڕایگه‌یاند"ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كابینه‌ى حكومى به‌توانا وده‌ستپاك بێت بۆ ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كان ووڵات به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن وجێ به‌جێ كردنى داخوازییه‌كانى خه‌ڵك ببات".
    وتیشى"گفتوگۆكانى له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامه‌ له‌كه‌شێكى دۆستانه‌ییدا وهه‌وڵیش ده‌ده‌ین سه‌رجه‌م ئاسته‌نگییه‌كان تێپه‌رێنین له‌سه‌ر بنه‌ماى گفتوگۆى ئه‌رێنى".