حه‌لبوسی له‌باره‌ی دانیشتنی نائاسایی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

  • 22-02-2020, 00:00
  • +A -A

     


    به‌غدا – اه‌ع

    محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دووپاتیكرده‌وه‌،هیچ واده‌یه‌ك دیاری نه‌كراوه‌  بۆ سازكردنی دانیشتنی نائاسایی بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر كابینه‌ی وه‌زاری،ڕوونیشیكرده‌وه‌ نابێت هیچ واده‌یه‌ك بۆ دانیشتنه‌كه‌ دیاری بكرێت پێش گه‌یشتنی به‌رنامه‌ی وه‌زاری وناوی وه‌زیره‌كان بۆ په‌رله‌مان.
    حه‌لبوسی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستی ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی(اه‌ع)كه‌وتووه‌ ڕایگه‌یاند،سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان تاوه‌كو ئێستا واده‌ی دانیشتنی نائاسایی دیاری نه‌كردووه‌ وجه‌ختیشی كرده‌وه‌ ناتوانرێت واده‌ی دانیشتنی نائاسایی دیاری بكرێت پێش گه‌یشتنی به‌رنامه‌ی وه‌زاری وناوی وه‌زیره‌كان.
    وتیشی تاوه‌كو ئێستا به‌رنامه‌ی وه‌زاری وناوی كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران،ڕوونیشیكرده‌وه‌ له‌كاتی گه‌یشتنی به‌رنامه‌ی وه‌زاری وناوی وه‌زیره‌كان ئه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌ست به‌ئه‌نجامدانی ڕێوشوێنه‌كانی سازكردنی دانیشتنه‌كه‌ ده‌كات.
    ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو په‌یڕه‌وی ناوخۆ باس له‌وه‌ ده‌كات له‌كاتی گه‌یشتنی به‌رنامه‌ی وه‌زاری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕه‌وانه‌ی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌كات به‌سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێك له‌جێگره‌كانی بۆ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێك كه‌پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌كرێت پێش پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر به‌رنامه‌كه‌،هۆشداریشی دا له‌وه‌ی هه‌نگاو بنرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور وپه‌یڕه‌وی ناوخۆ ویاسا كارپێكراوه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌كاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.
    ڕوونیشیكرده‌وه‌ ئامانج له‌پێكهێنانی هه‌ر حكومه‌تێك ده‌رباز بوونه‌ له‌قه‌یران ونامانه‌وێت به‌ره‌و حكومه‌تێك بچین هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی بكات یان بۆشاییه‌ك له‌نێو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگا دروست بكات.
    حه‌لبوسی به‌دووریشی زانی ڕێوشوێنی تاكه‌ لایانه‌ هه‌بێت،ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو سه‌رۆكی په‌رله‌مان وهه‌ردوو جێگره‌كه‌ی له‌یه‌كه‌مین ساته‌وه‌خته‌وه‌ هه‌وڵیان دا هاوسه‌نگی هه‌بێت له‌بڕیاره‌كانیان وهه‌روه‌ها چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكیش هه‌ن هی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه‌.
    حه‌لبوسی داوایشی له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو كرد بابه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان كاری له‌پێشینه‌ی بێت وواده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ دیاری بكات.