بهغدا-اهع
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق نامەیەک بۆ پەرلەمانی عێراق دەنێرێت و هۆشداری دەدات لە مەترسیی ئەوەی بەهۆی پەلەنەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێوە بکەونە بۆشاییەکی دیکەوە و داوا دەکات ئاسانکاری بۆ عەللاوی بکرێت.
عەبدولمەهدی لە نامەکەیدا كه كۆپیهكى دهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى (اهع) كهوتووه دەڵێت، "لە 29-11-2019دا دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەشکرد و لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندکرا. ئێستا لە نێوەڕاستی مانگی شوباتداین، واتە دوای دوو مانگ و نیو، کەچی هێشتا حکومەتی نوێ پێکنەهاتووە."
ئاماژەى بەوە كرد، "بەپێی دەستوور دەبوو لە ماوەی 15 رۆژ لە رێکەوتی دەستلەکارکێشانەوەکەوە بەربژێرێکی نوێ رابسپێردرێت. زۆر لە کاتی دیاریکراو دواکەوتین و راسپاردنەکە کەوتە سەرەتای مانگی شوباتەوە کە محەممەد تۆفیق عەللاوی راسپێردرا. ئەوەش قەیرانی سیاسی پیشاندەدات، هاوکات ئەوەیش پیشاندەدات کە هێز و دامەزراوە دەستوورییەکانی پەیوەندیدار بەم پرسەوە لە قەیراندان".
عەبدولمەهدی باسی لەوەش کرد، "بە راسپاردنەکە گەشبین بووین و ئەوپەڕی هەوڵمان بۆ پشیتوانیکردنی دەخەینەگەڕ. لە هەوڵەکانیشیدا هاوکاریی دەکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت. هاوکات نێوەڕۆکی ئەم پەیامە و نێوەڕۆکەکەی کە بە سەرانی سیاسیمان گەیاندووە، کراوەیە. ئێمە بەو سەختییانە دەزانین کە هەمووان رووبەڕوویان دەبنەوە، بەڵام بۆ متمانەدان بە ئەندامانی وەزیران لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، مۆڵەتە دەستوورییەکە سنووردارە. بۆیە بەم پەیامە هۆشداری بە خوشک و برایانی نوێنەرانی گەل دەدەم لەو مەترسییەی کە بەر لە کۆتاییهاتنی مۆڵەتە دەستوورییەکە بەهۆی پەلەنەکردن لە پێکهێنانی عکومەتی نوێ بکەوینە بۆشاییەکی دیکەوە".
هەروەها ئەوەیشی خستووەتەڕوو، "داوا لە حیزبەکان، پەرلەمان، رای گشتی و کەسانی کاریگەر لە بڕیارەکانی وڵاتدا دەکەم هەنگاو بۆ ئاسانکاریی ئەرکەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی بنێن و بەربەستە جیددی و دروستکراوەکانی بەردەمی تێبپەڕێنن، چونکە ئەگەر لەمەدا سەرکەوتوو نەبن و هێزە سیاسییەکان دوای نزیکەی سێ مانگ لە دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە نەگەن، وڵات تووشی قەیرانێکی مەترسیدار دەکات. بۆیە لەدوای رێکەوتی 02-03-2020ـەوە دروست نییە کە بەرپرسیارێتی بخرێتە ئەستۆی من و دوای ئەوە رێکاری دەستووری دەگرمەبەر".