ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی "پاڵه‌وانانی عێراق" بۆ پاككردنه‌وه‌ی ئه‌نبار له‌پێنج قۆڵه‌وه‌

ئەمنی
  • 12-02-2020, 00:00
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع

     
    فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق ئه‌مڕۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی "پاڵه‌وانانی عێراق"ی بۆ پاككردنه‌وه‌ی ئه‌نبار و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری سنوری عێراق، سوریا و ئوردن له‌ چەکدارانی داعش راگەیاند.
    عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاروڵا، جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا  كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقی(اه‌ع)كه‌وتووه‌،رایگه‌یاند، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق و به‌سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، له‌ دوای سه‌ركه‌وتنی ئۆپه‌راسیۆنی "ئیراده‌ی سه‌ركه‌وتن" كه‌ هه‌شت قۆناغی له‌خۆگرت، ئه‌مڕۆ ئۆپه‌راسیۆنی "پاڵه‌وانانی عێراق"یان ده‌ستپێكرد.
    ئاماژەی بەوەشکردوە، قۆناغی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی "پاڵه‌وانانی عێراق" به‌ به‌شداری فه‌رمانده‌یی هێزه‌ وشكانییه‌كان و ئۆپه‌راسیۆنی به‌غداو پاسه‌وانی سنور به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
    به‌پێی نه‌خشه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، ئۆپه‌راسیۆنی "پاڵه‌وانانی عێراق" ئامانجییه‌تی 26 هه‌زار و 238 كیلۆمه‌تر دوجا پاکبکاتەوە، هێزی ئاسمانی عێراقی و فڕۆكه‌ی F16و چه‌ندین جۆری چه‌كی قورس و مامناوه‌ندی تێدا به‌كارده‌هێندرێت.
    یاروڵا باسی لەوەشکرد، ئامانجی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ پشكنین و پاككردنه‌وه‌ی پارێزگای ئه‌نبار و ناوچه‌ سنوریه‌كانیه‌تی به‌تایبه‌ت سنوره‌كانی عێراق، سوریا و ئوردن له‌ چەکدارانی داعش، به‌جۆرێك له‌ پێنج میحوه‌ره‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ئه‌نجامده‌درێت.
    رونیشیکردەوە، میحوه‌ری یه‌كه‌م له‌لایه‌ن پاسه‌وانی سنور و به‌شێك له‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نبار، میحوه‌ری دوه‌م له‌لایه‌ن به‌شێكی دیكه‌ له‌فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نبار، میحوه‌ری سێیه‌م له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی جه‌زیره‌، میحوه‌ری چواره‌م، له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی فوراتی ناوه‌ڕاست، میحوه‌ری پێنجه‌میش له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غداده‌وه‌ پاکدەکرێتەوە.