بهغدا-اهع
عادل عەبدولمەهدی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەو کارە وڵات لاواز دەکات و بەردەوامبوونی ئەو کارە نابەرپرسانەش کاریگەری و لێکەوتەی مەترسیداری بۆسەر وڵات دەبێت و حکومەت رێوشوێنی پێویست دژی ئەنجامدەرانی دەگرێتەبەر.
عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لهڕاگهیهندراوێكدا كهدهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقیه(اهع)كهوتووه رایگەیاند "جارێکی دیکە هێرشکردنە سەر نێردەی دیپلۆماتکارانی بیانی دووبارەبووەوە، ژمارەیەک کاتیۆشا لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا کەوتنەخوارەوە. سەرکۆنەی ئەو کارە دەکەین کە لە دەرەوەی یاسایە، دەوڵەت لاواز دەکات و دەستبردنە بۆ سەروەرییەکەی و حورمەتی شاندە دیپلۆماسییەکان کە لەسەر خاکی عێراقن".
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، فەرمانیان بە هێزەکانیان کردووە بڵاوببنەوە، گەڕان و پشکنین بکەن و رێگەنەدەن جارێکی دیکە ئەو هێرشانە دووبارەببنەوە و دەڵێ "ئەنجامدەرانیشی دەستگیردەکرێن و لەبەردەم دادگا سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن".
عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە کردووە ، بەردەوامبوونی ئەو کارە نابەرپرسانە، کاریگەری و لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر وڵات دەبێت، زیان بە بەرژەوەندیی باڵای وڵات و پەیوەندییەکانی بە دۆستەکانی دەگەیێنێت، عێراق دەخزێنێتەوە نێو گۆڕەپانی جەنگ، بەتایبەتی دوای ئەوەی حکومەت دەستیکردووە بە رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمان بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان.
فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەشڵێ "حکومەت دووپاتیدەکاتەوە پابەندە بە پاراستنی سەرجەم شاند و نێردە دیپلۆماسییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بەپێی یاسا".