بهغدا-اهع
عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق رایگەیاند،"دەستمانكردوە بە رێككارەكانی بڕیاری كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق"
ئەمڕۆ لە چوارچێوەی كۆبونەوەی هەفتانەی خۆیدا لە ئەنجومەنی وەزیران كه(اهع) چاودێرى كردووه ، عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق رایگەیاندوە،"بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بە موشەك جێگەی قبوڵكردن نییە، دەستدرێژیكردنە سەر لایەنە بیانییەكانی عێراق وەك دەستدرێژیكردنە بۆسەر دەوڵەتی عێراق، هەروەك چۆن ئەگەر دەستدرێژیی بكرێتە سەر نوێنەرایەتیەكانی عێراق لە وڵاتانی بیانی، وەك ئەوەیە دەستدرێژی كرابێتە سەر ئەو وڵاتەی تیایدا دەستدرێژی بۆ سەر نوێنەرایەتی عێراق كراوە"
سەبارەت بە هەنگاوەكانی كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان وتی،"دەستمانكردوە بە رێككارەكانی بڕیاری كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق"
عادل عەبدولمەهدی هۆشداریدا لە داخستنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و شەقامەكان و وتی،"داخستنی قوتابخانە و خەستەخانەكان و شەقامەكان پەیوەندی بە خۆپیشاندانی ئاشتیانەوە نییە و پێویستە داخستنی زانكۆ و فەرمانگە حكومییەكان كۆتایی پێبێت"
ئاماژەی بەوەشكردوە،"پێویستە رێز لە سەروەری و سەربەخۆی خاكی عێراق بگیرێت و لەرێگەی دانوستانەوە كێشەكان چارەسەر بكرێت. لەئێستادا دۆخی عێراق لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زۆر خراپە و داوای پەیوەندی هاوسەنگی نێوان عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهانی كرد"
سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق وتیشی،"لەناو خۆپیشاندەرانەوە داواكارییمان بەدەستگەیشتوە كە دەستوەردان بكەین و رێگە نەدەین شەقامەكان دابخرێن"