بهغدا-اهع
دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ یهكشهممه ،پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدا.
بهپێ ڕاگهیهندراوێكى نوسینگهى ڕاگهیاندنى سهرۆكایهتى كۆمار كهدهستى(اهع)كهوتووه "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک كۆمار پرسەو ماتەمینی قوڵی خۆی گەیاند بۆ شەهیدبوونی حاجی قاسم سلێمانی و هاوەڵەکانی، ھەروەھا بە بایەخ و ستایشەوە باسی لە رۆڵی کارای شەهید کرد لە پشتیوانیکردنی عێراق لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی دژ بە تیرۆرستانی داعش و سەرکەوتن بە سەریدا.
ھەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پەیوەندی دوو قۆڵی هەردوو وڵات و پێویستی پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە خرایە ڕوو بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دراوسێ و گەلانی ناوچەکە بکات، ھاوکات تەئکیدیش کرایەوە لە پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات و بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانیان.
سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی دان بەخۆداگرتن و ژیری لەم قۆناغە هەستیارەدا کردەوە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخی ئێستا و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیری و سەروەری وڵاتان و دورخستنەوی تارمایی جەنگ و توند و تیژی.
لەلای خۆیەوە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران سوپاسی سەرۆک بەرھەم-ی کرد بۆ دەربڕینی ماتەمینیەکەی و جەختیکردەوە لەسەر سوربوونی ئێران لە درێژەدان بە مەودای پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ عێراق و پتەوکردن و پەرپێدانی پەیوەندییەکان کە خزمەتی بەرژەوەندی هەردوو گەلی دراوسێ بکات و ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهان زامن بکات.