یەكێتی نیشتمانى كوردستان داوای لە سەرجەم فراكسیۆن و هێزە سیاسییەكان كردوە لەو هەڵوێستەی سەرۆك كۆمار تێبگەن

  • 27-12-2019, 00:00
  • +A -A

     

     
     
    به‌غدا-اه‌ع 
     
    سەبارەت بە نامەكەی سەرۆك كۆماری عێراق، كە دوێنێ پێنجشەممە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كرد و تێیدا رونیكردەوە، بەهۆی كاندیدكردنی كەسانی حزبییەوە ئامادەیە دەستلەكاركێشانەوەكەی رادەستی ئەنجومەنی نوێنەران بكات، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
    لە راگەیەندراوەكەدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقیه‌(اه‌ع)كه‌وتووه‌، "فراكسیۆنی یەكێتی داوای لە سەرجەم فراكسیۆن و هێزە سیاسییەكان كردوە لەو هەڵوێستەی سەرۆك كۆمار تێبگەن و پشتگیری لەو هەڵوێستە نیشتمانیەی بكەن كە بەپەرۆشە بۆ گەلەكەی و تێیدا هاتوە "لە ئێستادا گەل وڵاتەكەمان لە قەیرانێكی خنكێنەردایە كە دەیخاتە بەردەم دوڕیانێكەوە لەنێوان رزگاركردنی وڵات و گەیاندنی بە لەنگەری ئارامی، یاخود خزان بەرەو ژێردەریا".
    ئاماژە بەوەشكراوە "پێكگەیشتن و ناكۆكییەكانی نێوان فراكسیۆنه‌ سیاسییەكان سەبارەت بە دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆن و پاساوە جۆراوجۆرەكان بۆ ئەو مەبەستە و رێكنەكەوتن لەسەر كاندیدێك كە بە خواستی شەقام و خۆپیشاندەران بێت لە لایەك و فشارە بەردەوامەكانیش لە لایەكی دیكە بوە هۆی تێكدانی دیمەنی سیاسی، بەوهۆیەوە بۆ كارەكان زیارتر ئاڵۆزكرا بۆ سەرۆك كۆمار تا كاندیدێكی گونجاو كە جێی رەزامەندی هەمو  لایەك بێت پەسەندبكات، ئەو كارەش بەپێی وادە دیاریكراوەكانی نێو دەستوری عێراق تەواونەكرا، ئەوەش بوە هۆی ئەوەی سەرۆك كۆمار نامەیەك بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان ئاراستە بكات و جەختبكاتەوە لەسەر ئەوەی پێویستە جوڵانەوە سیاسی و پەرلەمانیەكان مینبەری خواستی گەل  و ئارامی و ئاشتی كۆمەڵایەتی بن".
    لە درێژەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە "ئێمە وەك فراكسیۆنى یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسیەكان دەكەین لە هەڵوێستەكەی سەرۆك كۆمار تێبگەن و پشتیوانی ئەو هەڵوێستە نیشتیمانییە بكەن كە پەرۆشە بۆ گەلی عێراق، داواشدەكەین پەیڕەوی لە سیاسەتی هاریكاری بكەن لەبری سیاسەتی فشار، تا بگەینە بڕیارێكی باش بۆ دیاریكردنی كەسێكی گەنجاو بۆ پێگەكە، كە جێگەی رەزامەندی گەل و لایەنە سیاسیەكانیش بێت".
    لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتیدا هاتوە "جەختیشدەكەینەوە، پێویستە لایەنە سیاسیەكان لە جددیەتی ئەو هەڵوێستە تێبگەن و داواكارین لەسەر بنەمای لۆجیك و ژیری لەو هەڵوێستە بڕوانن، تا بەرژەوەندی باڵای گەل زاڵبێت و بگەینە ئاستی خواستە شەرعی و دەستوریەكانی گەل و سەقامگیری بۆ وڵات و گەلە قوربانیدەرەكەمان بگەڕێتەوە".
     
    د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق ئێواره‌ی دوێنێ پێنجشەممە ئه‌سعه‌د عیدانی، كاندیدی هاوپه‌یمانی بنیادنانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق ره‌تكرده‌وه‌، له‌نامه‌یه‌كدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی کردوە ئاماده‌یی بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ ده‌ربڕی.