چاودێرى-اهع
د.بەرهەم ساڵح بەبۆنەی ئهنجامدانى چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: جەماوەری دڵسۆزی گەلی كوردستان، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، ئەندامان و دۆستانی خەمخۆری یەكێتی، دەمەوێت مژدەی سەركەوتنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییتان پێڕابگەیەنم، مژدەی نوێبوونەوەی یەكێتییەكەتان بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی تری خەبات و تێكۆشان، بۆ دەستبەركردنی داخوازی و مافەكانتان، بۆ خزمەتكردنی خەڵك و هێنانەدی ئامانجە رەواكانمان، بەم هەنگاو رۆحی شەهیدەكانمان، رۆحی رابەڕی هەمیشە زیندو جەناب مام جەلال ئاسود دەكەین و بەرپرسیاریەتی خۆشمان بەرامبەر گەلەكەمان جێبەجێ دەكەین.
لەبەشێكی تری پەیامەكەیدا راشیگەیاند: ئەمڕۆ بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژێكی مێژووی و پرشنگداری ترە كە بەهەوڵی ئەندامە دڵسۆزەكانی توانی سەركەوتوانە لەهەلومەرجێكی ئاڵۆزو دۆخێكی ئاوا سەختدا بەسەركەوتوانە كۆنگرەی خۆی ببەستێت و بەئیرادەیەكی پۆڵاینەوە بەرەوڕووی هەموو ئەو گرفتانە ببێتەوە كە لەبەردەمیدا هەبوون.
ئەوەشی خستەڕوو: یەكێتی وەك هێزێك كە هەمیشە توانانی دەستپێخەری و رچەشكێنی هەبووە، ئەمجارەش لەكۆنگرە بەڵێنی نوێبوونەوەی بەخۆی و بۆ خەڵكی كوردستان دوپاتدەكاتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیایی بداتە خەڵكی كوردستان و جەماوەرەكەی كە هەموو تواناكانی بخاتەگەڕ بۆ سەقامگیری و ئاشتی و كۆمەڵایەتی و راگرتنی هاوسەنگی و تەبایی لەنێوان لایەنەكان و یەكخستنی تواناكان بۆ روبەڕووبونەوەی ئەگەرو پێشهاتەكان.
لەبەشێكی تری پەیامەكەیدا دەشڵێت: بەبۆنەی كۆتاییهاتنی كۆنگرە سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئەندامانی كۆنگرە دەرببڕم، بۆ هەڤاڵانی تێكۆشەرو سەركردایەتی پێشوو، جەناب كاك كۆسرەت بۆ هەوڵی زۆریان بۆ سەرخستنی كۆنگرەو ئامادەكارییەكانی، دوپاتیشی دەكەمەوە سەركەوتنی كۆنگرە هەموولایەكمان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیەكی قورسەوە كە بەیەكڕیزی و یەكدەستی یەكێتی وەك ئامرازی بەدیهێنانی دەستكەوت و خزمەتكردنی گەلەكەمان گەشەپێبدەین و لەگەڵ لایەنەكانی تری كوردستان هاوكارو هەماهەنگ بین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و چارەسەری بژێوی خەڵك و پەیڕەوكردنی بەرنامەی چاكسازی و حكومڕانی و بەدیهێنانی حكومڕانییەكی دادپەروەرو دروست.
وتیشی: پێویستە لەگەڵ لایەن سیاسیەكانی عیراق هاوكاربین بۆ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و دادبینكردنی پێوداویستی هاووڵاتیان و دابینكردنی مافە دەستورییەكانیان.
هەروەها دەشڵێت: كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی وێستگەیەكی گرنگ دەبێت بۆ رێكخستنەوەی دۆخی ناوخۆی خۆمان بۆ پیادەكردنی سیاسەتێكی سەربەخۆی یەكێتیانە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵك و چاكسازییەكی بنەڕەتی سیستمی حكومڕانی و بەدیهێنانی حكومڕانییەكی دادپەروەرو خزمەتگوزاری كۆمەڵانی خەڵك.