سه‌رۆك كۆمار داوا له‌ خۆپیشانده‌ران و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌كات سه‌رۆك وه‌زیران دیارى بكه‌ن

  • 10-12-2019, 00:00
  • +A -A

     به‌غداد-اه‌ع

     
    ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق داوى له‌ خۆپیشانده‌ران و سیاسه‌تمه‌داران كرد كه‌ هه‌ماهه‌نگ بن بۆ دیارى كردنى سه‌رۆك وه‌زیران.
     
    سەرۆك كۆماری عێراق، لە ساڵیادى رۆژى سه‌ركه‌وتن بەسەر رێكخراوی تێرۆریستی داعش، پەیامێكی ئاراستەی سەرجەم گەلی عێراق كرد و خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسییەكانیش بانگهێشتكرد پێكەوە سەرۆك وەزیرانی نوێ دیاریبكەن.
     
    له‌ به‌یانامه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمار كه‌ كۆپیه‌كى ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقیه‌ (اه‌ع) كه‌وتووه‌ ڕایگه‌یاند:"بە هەوڵ و قوربانیدانە قارەمانانەكانی ئێوە بەدرێژای ئەو هەمو ساڵە، ئێستا دەتوانین یادی سەركەوتنمان بەسەر ئەو دۆخەدا بكەینەوە، كە شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌كانى تاریك په‌رستى  بوبونە هۆكاری".
     
    ئاماژەی بەوەشكرد "قوربانییەكانی گەلی عێراق هەمیشە جێگەی شانازیە بۆ نەوەكانی داهاتوی وڵات، چونكە لەگەڵ ئەوەی گەل و نیشتیمانتان پاراستوە، مرۆڤایەتیشتان لە هەمو خراپەی خراپەكاران پاراستوە".
     
    سەرۆك بەرهەم رۆڵی فەتوای جیهادی دژ بە داعش بەرزنرخاند
    سەرۆك كۆماری عێراق، لە پەیامەكەیدا رۆڵی فەتوای "جیهادی كەفائی" دژ بە رێكخراوی تێرۆریستی داعش-ی بەرزنرخاند، كە لە لایەن عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراقەوە بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی چەكدارانی ئەو رێكخراوە فەتواكە درا و بەهۆیەوە شەپۆلێكی بەرفراوان لە گەنجانی وڵات بەرەو رزگاركردنی خاك و نیشتیمان چونە مەیدانەكانی جەنگ.
     
     رێگە مەدەن بە دوژمنان مێژو و سەركەوتنەكانمان لەرێگەی تێكدەرانەوە بشێوێنن
    هەر لە پەیامەكەیدا، دكتۆر بەرهەم ساڵح روی وتەكانی ئاراستەی خۆپیشاندەرانی ئێستای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی وڵات كرد و رایگەیاند "لە مەیدان و پردەكان پێكەوەیی دروستبكەن و رێگە مەدەن بە دوژمنان مێژو و سەركەوتنەكانمان لەرێگەی تێكدەرانەوە بشێوێنن، چونكە ئەوان خواستەكانیان بۆ عێراق و گەلەكەی خراپە، بە هەوڵ وتوانای هەموتان با پێكەوە ئەم رێگەی چاكسازیی دامەزراوەكانمان تەواوبكەین و بە دامەزراندنی حوكمێكی سەركەوتو كەموكوڕیەكان پڕبكەینەوە".
     
    بانگهێشتی هەریەك لە خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسیەكانی كردوە، تا پێكەوە كاربكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ
    سەرۆك كۆمار لە كۆتایی پەیامەكەیدا بانگهێشتی هەریەك لە خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسیەكانی  كرد "تا پێكەوە هاوكاری و هەماهەنگی بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە چوارچێوەی دەستوردا كە گرەنتی چارەسەركردنی كێشەكان بكات و سەرلەنوێ وڵات و دامەزراوەكانی بنیادبنێتەوە و خواست و ویستی رۆڵەكانی وڵات بە سەرجەم چین و توێژەكانیەوە بەدیبهێنێت.
     وتیشی "با یادی سەركەوتنمان ببێتە هۆكارێك بۆ یەكبون و سەركەوتنمان، بە ویست و هەوڵدانمان بۆ بنیادنانەوەی ئەو عێراقەی كە ئێمە دەمانەوێت".