بهغدا-اهع
بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكاوە پێگەیشت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، لەو پەیوەندیە تەلەفۆنییەدا باس لە دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەكە كراوە و تاووتوێی پەرەپێدانی پەیوەندیە دوقۆڵیەكانی نێوان هەردو وڵات كرا لە پێناو پێشكەشكردنی هاوكاری هاوبەش.
بەپێی راگەیەندراوەكە،"لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا، مایك پێنس پشتیوانی ئەمریكای بۆ سەقامگیری عێراق بۆ سەرۆك بەرهەم دوپاتكردۆتەوە و داوایكردوە كە داخوازی عێراقییەكانی بۆ چاكسازی و ئاشتی لەبەرچاوبگیرێت و رێگری لە كاری توندوتیژی بكرێت و رێز لە ئیرادە و بژاردەی عێراقیەكان بگیرێت دور لە دەستوەردانی دەرەكی.
لای خۆشیەوە، سەرۆك بەرهەم دوپاتیكردۆتەوە كە چارەسەرەكانی دۆخی ئێستا وەڵامێك دەبن بۆ داخوازیەكانی گەل دور لە دەستوەردانی دەرەكی و چارەسەرەكان بەڕێگەی ئاشتیانە دەبن و بە رەچاوكردنی ئاسایشی وڵات و رێگری لە خوێنڕشتنی هاوڵاتیان و چەسپاندنی یاسا.
سەرۆك كۆمار بە مافی عێراقییەكانی زانیوە خۆپیشاندانی ئاشتیانە ئەنجام بدەن و وتویەتی،"عێراق روبەروی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی دەبێتەوە لە ناوخۆی وڵاتەكەیدا، هەروەها دژایەتی خۆی بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران و نەڕژانی خوێنی عێراقیەكان دوپاتكردۆتەوە"
سەرۆك بەرهەم راشیگەیاندوە،"ئەم خۆپیشاندانانە دەربڕی داخوازییەكانی خەڵكن بۆ ماف و داوا دیموكراتییەكانیان و پاڵپشتی خۆشی بۆ جێبەجێكردنی خواستی خۆپیشاندەران دەربڕیوە، داواشی لە هێزە ئەمنی و چەكدارەكان كردوە كە پارێزگاری لە گیانی هاوڵاتیان و موڵك و ماڵی گشتی و تایبەتی هاوڵاتیان و دامودەزگا گشتیەكان بكەن."