بڕیارەکانی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ئەمنی
  • 27-11-2019, 00:00
  • +A -A

     

     
    چاودێرى-اه‌ع
    ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کۆبوەوە و راپۆرتی شاندی دانوستاندکار بۆ پرسی بودجەی فیدراڵ تاوتوی کرد، هاوکات پشتگیریی بەردەوامبونی بۆ پڕۆژەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان راگەیاند و داواش لە هاوڵاتییان دەکات ئاو بەفیڕۆ نەدەن. 
     
    ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوەوە.
    له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌، گفتوگۆ دەربارەی ئەنجامی کۆبونەوەکانی شاندی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کرا، کە بە راسپاردە و سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران بون، ئەندامانی شاندەکە دوایین پێشکەوتنەکانی رەوشی دانوستاندنەکانیان خستەڕو.
    ئەوەش خراوەتەڕو، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە لە بەرامبەر دابینکردنی تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی هاوبەشی هەردولا، بڕیاریشە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستاندکار سەردانی بەغدا بکا .  
     
    لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری  راپۆرتێکی  خستەڕوو، دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێکخستن و یەکخستنەوە و گەڕاندنەوەی سەرجەم داهاتەکان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری، پێداچونەوەی تەرخانکراوی خەرجییەکان لە سەر بنەمای پێداویستی و کارە لە پێشینەکان.
     
    ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتەکەی پەسەند کرد و وەزارەتی دارایی و ئابوری راسپارد کە ریکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی روتینی خەرجکردنی پێشینەی وەزارەتەکان بگرێتەبەر، بە جۆرێک ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن کار و پڕۆژەکانیان راپەڕێنن لە چوارچێوەی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانیان.
     
    بەپێی راگەیەندراوەکە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، چەند رونکردنەوەیەکی لەبارەی پڕۆژەی پێوەری ئاوی ماڵان خستەڕو، رایگەیاند، رۆژانە (2.1 ملیۆن مەتر سێجا ) ئاوی شیرین بەرهەم دەهێنرێت، کە تێچوی گشتی رۆژانە لە سەر حکومەت ( 840 ملیۆن دینارە)، کە رۆژانە ( 850 هەزار مەترسێجا) ئاوی پاکی خواردنەوە بە فیرۆ دەدرێت، کەتێچوەکەی رۆژانە دەکاتە ( 340 ملیۆن دینار) و ساڵانە زیاتر لە 124 ملیار دینارە، ئەوەش بەفیرۆچونی 40 مێگاواتی کارەبای رۆژانە .
     
    ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی  بەردەوامبونی پڕۆژەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان دەکات، داواش لە هاوڵاتیان  دەکات کە بەرپرسیاریەتی پاراستنی ئاو لە ئەستۆبگرن کە سامانێکی نیشتمانییە،  سنورێکیش بۆ بەفیڕۆدانی ئاو دابنرێت، چونکە خەرجییەکی زۆر لە سەر حکومەت دەکەوێت.
     
    لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا رونکردنەوەی پێویستی بە داتا وزانیاریدا  لە بارەی کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی بە هاوڵاتیان، کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی زیاتر بەهۆی وەرزی زستان،  زیادەڕۆیی بۆ سەرتۆڕی کارەباوە دروست بوە. 
     
    وەزیری کارەبا ئاماژە بە هەوڵەکانی وەزارەتەکەی دا لەمبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە کۆبونەوەی داهاتو  گفتوگۆی زیاتر لە سەر پرسی کارەبا بکات.