بەغدا-اەع
ئاژانسی ھەواڵی عێراقیە،ئەمڕۆ پێنجشەممە دەقی وتاری دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمار ،بۆ گەلی عێراق بڵاودەکاتەوە.
خوشكو برایانم لە گۆرەپانەكان، ئازیزانم لە هێزە ئەمنیە دڵسۆزەكان
ھاووڵاتیانی عێراقی ئازیز
سڵاوی پەروەردگارتان لێ بێت
لە دۆخێكی مێژوویی هەستیاردا لەگەڵتاندا دەدوێم، راستەوخۆ قسەكانم بەوە دەست پێ دەكەم كە جارێكی تر هاوسۆزی خۆمتان بۆ دووپات دەكەمەوە، بەوپەڕی هەست و سۆز و هەوڵ و توانا و رۆڵ و هێزمەوە پشتیوانی ئێوە و هەڵسانەوەی نیشتمانی شكۆمەندی ئێوە دەبم.
ئێوە ئەی لاوانی هیواو رابوون و خاوەن ویژدان و دەنگی نیشتمانی بەرز كە لەو ڕێگەیەوە شكۆی نیشتمانیمان دەردەبڕین و رووبەرووی ئاستەنگەكان دەبینەوە و بەگژ گەندەڵی و گەندەڵكاران دەوەستینەوە و وەڵامی شەڕنگێزانیش دەدەینەوە.
هاوڕا و پشتیوانی خۆپیشاندانەكانی ئێوە و داواكارییە رەواكانتانین، لەگەڵتانین بۆ هەڵماڵینی نادادپەروەری و بەگژاچونەوەی گەندەڵی و لەگەڵتان دەبین بۆ پشتیوانیكردنی ئەو كەرتانەی كە ستەمیان لێكراوە و پشتگوێخراون لە رۆڵەكانی گەلی عێراق... هاوشانتانین و ئێوە ئاڵا و سیمبولی عێراق تان بەرزكردۆتەوە بۆ ئەوەی نیشتمان ببێت بە نیشتمانی هەموو عێراقییەكان و خۆپیشاندانەكانتان پەرژینی نیشتمان و پەرژینێكی بەهێزبێت.
لەگەڵتان دەبم لە دەربڕینی ئاشتیانەو لە دژی هەر جۆرە سەركوتكاری و دەستدرێژییەك.
وەك چۆن لەگەڵتاندا دەدوێم بە هەمان شێوەش پەیامم ئاراستەی دەزگا ئەمنییەکان دەكەم كە ئەوان براتانن.
ئەوان ئێوەن و ئێوەش ئەوانن، ئێوە دوو تیمی دژ یەك نین، ئێوە گوزارشت لە داواكارییەكانتان دەكەن و ئەوانیش ئێوە دەپارێزن و پارێزگاریش لە ئاسایش و حوكمڕانی و ئاسایشی وڵات و گەلەكەمان دەكەن.
پاڵپشتیكردنی هێزە ئەمنییەکان بەپرسیارییەتی هەموومانە.. سەركەوتن سەركەوتنی هەمووان دەبێت ئەگەر بێت و خۆپیشاندەران بە ئاشتیانە گوزارشت لە دەربڕینی خۆیان و داواكارییەكانیان بكەن، هەروەها هێزە ئەمنییەکان ئەرکەکانیان بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایشی گشتی و رێگریكردن بێت لەوەی خۆی بخاتە ئاستێك كە ئازاری خۆپیشاندەران بدات.
ئەو برایەتیەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی سوپا و ئاسایش پاڵپشتكاری ئەوەبوو كە خۆپیشاندانە گەورەكان بگۆڕێت بۆ ئاهەنگی گەورەی نیشتمانی عێراق كە هێمای نیشتمانی سرودی نیشتمانی لە شەقام و گۆرەپانەكاندا بەرز بكاتەوە بە عەزمی ملیۆنان گەنج و ویستی خانەوادە شكۆمەندەكانی بەغدا و پارێزگاكانی تر، هەروەها مانایەكی قوڵی ئاوێتە كرد بۆ یەكڕیزی گەل بە جوانترین وێنەی یەكڕیزی و برایەتی و پێكەوەیی.
پێكەوە پارێزگاری لە ئاسایشی گشتی و موڵكی گشتی و تایبەت دەكەین، نیشتمان دەپارێزین.
هیچ جۆرە چارەسەرێكی ئەمنی لە ئارادا نییە، سەركوتكردن و بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی رەت دەكرێتەوە.
بەڵكو چارەسەر لە چاكسازی و هەماهەنگی هەمووان بەدیدێت لە پێناوی پارێزگاریكردن لە ئاسایشی گشتی و بەگژاچونەوەی تاوانباران كە تەنیا ویستیان نانەوەی خراپەیە بەرامبەر عێراق.
بەم بۆنەیەوە ئاماژە دەكەم و باسی ئەو پەیوەندییە دەكەین لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكاندا هەیە، پەنجە بۆ ئەو چارەسەرە گرنگانە رادەكێشم كە لە وتاری مەرجەعیەدا هەینی رابردوو هاتبوو و ستایشی ئەو وتارە دەكەین لەو ساتە مێژووییەی دۆخی ئێستا بۆ وڵات و گەلەكەمان پێشكەشكرا.
ئازادیخوازان...
مێژوو فێرمان دەكات كە دەنگی گەل لە هەر دەنگێكی تر بەهێزترە، ویستی گەلیش لەپێشینەیەو داهاتووی عێراقیش ئامانجی هەموومانە تا ببێتە داهاتوویەكی گەش و شكۆمەند.
حكومەتی داواكاری دەبێتە حكومەتی گەل هەروەك ئەوەی لە دەستوور ئاماژەی بۆ كراوە و بەقوربانی گەلی عێراق بەدیهاتووە.
ئەوەی كە پێویستە بكرێت گرتنەبەری رێ و شوێنی خێرایە كە بەرپرسیارییەتیەكی یاساییە لە ئەستۆماندا، کە لێپێچینەوە لە تاوانباران و ئەوانەی كەمتەرخەمیان هەبووە لە بەكارهێنانی توندوتیژی لە كاتی ناڕەزایەتیەكانی ئەم دواییەو راپێچی دادگا بكرێن و ئەو دۆسێیانە بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە یەكلا بكرێنەوە و بە ویستێكی بەهێزەوە كار بكرێت و وردبینی بكرێت بۆ ئەوەی رێگە بگیرێت لە هەر جۆرە لەبارەبردنێكی ئەمنی.
لەم دۆخەدا، جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە لەسەر گرنگی ئەوەی كە چەك بە دەستی دەوڵەت بێت...
چاوەڕوانین لە حكومەت و دامەزراوەكانی كە هەوڵێكی جددیتر بگرێتەبەر بۆ ئەوەی یاسایەكی جددی جێ بەجێ بكات بۆ ئەوەی بەكارهێنانی چەك سنوردار بكات تەنیا لە دەستی دەوڵەت و تەنیا دەوڵەت و رێگە نەدرێت بە دەستی هیچ لایەنێكی تر بێت و لە دەرەوەی یاسا بێت، بەبێ ئەم یاسایە ئاسایش و دڵنیایی نایەتە دی، بەبێ قۆرخكاری دەوڵەت بە تەنها بۆ چەك، ئەمە یارمەتیمان دەدات لە چەسپاندنی ئاسایش و دروكەوتنەوە لە شەڕی نێوان گروپە چەكدارەكان لەكاتێكدا كە ناكۆكییان هەبێت.
لەدۆخێکی لەم جۆرەدا كاری پەرلەمان قورستر دەبێت، پەرلەمان دەنگی گەلەو سەكۆی نوێنەرایەتی نیشتمانیەو دەبێت پێشەنگ بێت کە بەدەم داواكاری خۆپیشاندەرانەوە بچێت و كاربكات بۆ جێ بەجێكردنی لە رووی یاساو چاودێری كە كاربكات لەسەر لێپێچینەوەكردن لەوانەی كەمتەرخەمبوون و گەندەڵكارن.
لێرەوە جەخت دەكەینەوە كە دۆسیەكانی گەندەڵی رەوانەی دادگا بكرێت بەگوێرەی یاسا و رێسا كاراكان، ئەم بابەتە هەستیارەو پێشینەی هەیە، بۆیە پێویستە بەوپەڕی بێ گەردی و دڵسۆزی بۆ یاساو مافە گشتییەکان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
هیواخوازین كارێكی هاوبەش لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێ بەجێكردن بكرێت کە چوارچێوەی رۆتینی تێپەڕێنێ و یارمەتیدەر بێت لە گێڕانەوەی پردی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و گەل، بەم بۆنەیەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەین کە ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆمار کارێکی جددیی و بەردەواممان دەست پێکردووە لەپێناو هێنانەدی یاسای هەڵبژاردنی نوێ کە گەل پێی رازیبێت و چارەسەری کێشە یاساییەکانی پێشوو بکات، ھەروەھا ببێتە مایەی ئەوەی کە هەڵبژاردنەکان زیاتر دادپەروەرانە بن و تەئکید بکاتەوە لەسەر نوێنەرایەتییەکان کە لە بەرژەوەندی گەل بێت کە بەو پێیەی مافی کاندیکردن بۆ گەنجان بێت و پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەران بکات و رێگری بکات لە هەرجۆرە ساختە و پێچ و پەنایەک لە هەڵبژاردنەکاندا، ھاوکات ببێتە هۆی گۆڕینی کۆمسیۆنەکە بە کۆمسیۆنێکی سەربەخۆی راستەقینە کە پێکبێت لە کەسانی شارەزاو دادوەران، وە بە تەواوی دووربێت لە هەرجۆرە دابەشکارییەکی حزبی، هەروەها ببێتە هۆی ئەوەی پێکهاتەی کۆمسیۆنەکە بەجۆرێک بێت کە پیشەییانەو دوور بێت لە هەر دەست تێوەردانێکی حزبی، چاوەڕوان دەکەین لە هەفتەی داهاتوودا پرۆژە یاساکە پێشکەش بکەین کە پێکەوە بە هەماهەنگی کاردەکەین لە نێوان دامەزراوەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و ژمارەیەک لە شارەزایان و پسپۆڕانی سەربەخۆ، ھەروەھا بەشێک لە شارەزایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەر لە سەرۆکایەتی کۆمار کارمان کردووە بۆ چاودێریکردنی دەسپێکی دیالۆگی نیشتمانی بۆ کارکردن لەپێناو چارەسەرکردنی هەڵە بنەڕەتییەکان لە سیستەمی حکومڕانی بە گوێرەی برگە دەستووری و دیموکراتییەکان کە گەلی عیراق و داواکارییەکانیان شاد بکات بە حکومڕانی رەشید کە هەڵەو ئەزموونەکانی رابردوو تێپەڕێنێت و یارمەتیشمان بدات لەو روانگەیەوە کە ئەرەکەکە لە ئەستۆی بژاردەیەک لە شارەزایان و یاسا ناسانی بەتوانا و سەربەخۆبن.
ئەمەوێت وەک سەرۆک کۆمار دووپاتی بکەمەوە بۆتان کە هاوڕاتانم بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بە پشت بەستن بە یاسای هەڵبژاردنی نوێ و کۆمسیۆنێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکان.
شەرعییەتی حکومڕانی لە گەلەوە دێت و هیچ جێگرەوەیەکیشی نییە.
ئەی گەلی ئازیز..
برا سەرۆک وەزیران رەزامەندی دەربڕییەوە بە پێشکەشکردنی دەست لەکارکێشانەوەی و داوای کردووە لە پێکهاتە سیاسییەکان کە لێکتێگەیشتنێک هەبێت بۆ جێگرەوەیەکی رەزامەندی ھەمووان لە چوارچێوەی پابەندبوون بە دەستوور و یاسا کە رێگری دەکات لە دورست بوونی بۆشایی دەستووری.
من لە پەیوەندی بەردەوامدام بۆ گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ پێکهاتە جیاوازو هێزە کاراکانی گەل ئەویش لەپێناو نوێکردنەوەی چاکسازییە مژدە دراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا کە پارێزگاری لە ئارامی و عیراق و ئاسایشی گشتی دەکات و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانیش پتەوتر دەکات.
بەدڵنیاییەوە ئەم دۆخەی ئێستا قابیلی قبوڵ نییە نابێت بەردەوام بێت، ئێمە بە جددی پێویستمان بە گۆڕانکاری گەورە هەیەو پێویستە هەنگاو بنێین و داواکاری گەلی عیراقی کردووەتە سەنگی محەک، بۆیە لە وەختی گرەو گۆڵەدا کەسانی راستگۆو دڵسۆزو پیاوانی نیشتمانی راستەقینە بەدەر دەکەون.
ئەوان لە کۆست و ئاڵۆزییەکاندا دەردەکەون و دەبنە هۆکارێک بۆ سەرپێخستنەوەو پێشکەوتن، پێویستە لەسەرمان لەم دۆخەدا کار بەرەو بنیاتنان و پێشکەوتن بکەین نەوەک بەرەو دواوە بگەڕێینەوەو شکست بێنین، ئەگەر حکومەت بێت یاخود پەرلەمان یاخود چالاکییە میللییەکان هەمووان بەرپرسیارێتییەک کۆماندەکاتەوە کە ئەویش بریتییە لە پارێزگاریکردنی نیشتمان لە کەسانی ناپاک و نیەت خراپ کە هەر ئەوانەش کۆماندەکەنەوە بۆ ئەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران ریشەکێش بکەین، بۆیە لێرەوە داوا لە ئێوەو لە خۆشمان دەکەین کە پارێزگاری لە نیشتمانەکەمان بکەین و پەرە بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بدەین بۆ ئەوەی هەمووان بتوانین پێکەوە داواکارییە رەواکان و هەڵسانەوەو باشکردنەوەی عێراق بە دیبهێنین.
من لەگەڵتانم و لەگەڵیشتاندا دەمێنمەوە بەم جۆرە هەموو هەوڵێکم دەخەمە گەڕ لەپێناو جێبەجێکردنی داواکارییە رەواکان و بە وردیش لەمەجرای لێکۆڵینەوەکان دەڕوانم کە پەیوەستە بە شەهید و بریندارەکان و لە دڵ و هەستێکی قوڵیشەوە خەم لەگەڵ خانەوادە شکۆمەندەکانیان دەردەبڕم کە شایستەی هەموو رێز و پێزانینێکن لەلایەن دەوڵەتەوە.
ئەمە چاکەی هیچ کەسێک نییە و بەڵکو بەرپرسیارێتی و ئەمانەتێکە، هیچ خێروبێرێک و بەرزییەک لە پێگەیەکدا نابینرێت کە پشتیوانی لە ستەملێکراوان و هەژار لە هەژاری رزگار نەکات و وڵات نەپارێزێت.
عێراق شایستەی زۆر زیاترە
با ئاشتی عێراق و دیموکراسی و ئاسایش و پێشکەوتن و بەرزکردنەوە و شکۆمەندی رۆڵەکانی ئامانجێک بێت هەمووان کۆبکاتەوە.
بە خوداتان دەسپێرم
هەمیشە عێراق بە ئازیزی بمێنێتەوە لاتان.
پارێزگاری کەرکوک رۆژی چوارشەممەی کردە پشوو