ههولێر-اهع
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فالح فەیاز راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبونەوە و جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە رێز لە داواکاریی ئاشتیانەی خۆپیشاندەرانی عێراقی بگیرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی هەرێمی کوردستان کەدەستی (اەع)کەوتووە"ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فالح فەیاز راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی کرا. جەختیش کرایەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر وبەغدا بەپێی دەستوور.
هەروەها باس لە گرنگی هەبونی هەماهەنگی زیاتری هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کرایەوە بۆ روبەروبونەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.
هەردولا جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە رێز لە داواکاریی ئاشتیانەی خۆپیشاندەرانی عێراقی بگیرێت و هەروەها پشتگیرییش لە هەنگاوە چاکسازییەکانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.