بەغدا – ا ه ع ئەنجومەنی وەزیران بە بریاری ژمارە 438 بۆ ساڵی 2017 سەرجەم وەزارەت و پارێزگا پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە رێوشوێنی كرداری بگرنەبەر سەبارەت بە ئاوەدانكردنەوە و بوژانەوەی ئەو پارێزگایانەی لە كردەوە تیرۆریستیەكاندا زیانیان بەركەوتووە، لە چوارچێوەی ئەو پلانەی ئەنجومەنی وەزیران لە دوو بریاری رابردودا بریاری لەسەر دابوون. لەوبارەیەشەوە حكومەت هەوڵ دەدات بە پێی رێنماییە بەردەوامەكانی دكتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، كاربكرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان كە تا ئێستا لەسەدا پەنجایان ( نزیكەی 2 ملیۆن و 500 هەزار كەس) لە كەمپەكان یان لە ناوچەكانی تردا دەژین، لەوبارەیەوە پێویستە خزمەتگوزاریە سەرەكیەكان بۆ هاوڵاتیان دابینبكرێت وەك ( ئاوی خواردنەوە، كارەبا، پەروەردە و فێركردن، خزمەتگوزاری تەندروستی) لەگەڵ هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی كە لە چەندین ناوچە بوەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان.