بهغدا- ا ه ع
سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ژان ئیف لۆدریان و شاندی یاوەری.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە لە چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ پشتوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ڕێگانەدان بە گروپە تیرۆریستییەکان بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوەیان، تا جارێکی دیکە نەبنە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە و جیھان، بەتایبەتی کە عێراق ھێشتا لەژێر کاریگەری تاوان و وێرانکارییەکانی گروپی تیرۆریستی داعش دەربازی نەبووە.
لە تەوەرەیەکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا، دەبێتە ھۆکاری شکست پێھێنانی ھەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر، ھاوکات جەختیکردەوە لە پێویستی ڕاگرتنی بەپەلەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و بەھاناوەچونی ھاووڵاتیانی سڤیل لەو ناوچانەی کە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی تێدایە.