لە کۆبوونەوەی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەدا: جەخت لە ھێشتنەوەی چەک تەنھا بەدەست دەوڵەت کرایەوە

  • 29-06-2019, 00:00
  • +A -A

    ئێوارەی ئەمرۆ شەممە ٢٠١٩/٦/٢٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق  کۆبوونەوە، بەئامادەبوونی سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح و سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی.

    لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا لە بارەی ھەموارکردنەوە مادەی(٥٨)ی بودجەی گشتی، ھاوکات بڕیار درا کە کاتی پێویست بدرێت بە حکومەت تا ٢٠١٩/١٠/٢٤ (بەرواری کۆتایی ھاتنی ساڵێک بەسەر تەمەنی حکومەتدا) لە پێناو ھەڵبژاردنی باشترین کەسایەتی بۆ بەڕێوەبردنی دامەزاراوەکانی دەوڵەت و کۆتایی ھێنان بە دۆسێی بەوەکالەت و پشتیوانی لە حکومەت بۆ ھەڵبژاردنی باشترین بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان بەپێ بنەمای توانا و دەستپاکی و دوور لە پشک پشکینە، بۆ بەدیھێنانی ھاوسەنگی نیشتمانی.  

    ھەروەھا بەشداربووانی کۆبوونەوەکە باسیان لە بەڵگەنامەی چوارچێوەی نیشتمانی بۆ سیاسەتی یەکگرتووی عێراق کرد، و دووپاتیشیان لە پێویستی ھێشتنەوەی چەک تەنھا بەدەستی حکومەتەوە کردەوە، ھاوکات ئاماژەیشیان بەکارکرد بۆ بەھێزکردنی سەروەری نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی ھەر لایەنەێک کردەوە کە ھەوڵی تێوەگلانی عێراق بدات لەململانێ و گرژیە دەرە کییەکاندا.

    ھەر لەکۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە پێویستی دروستکردنی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و جیھان کرا بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.

    لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنکی پارێزگاری لە نێردە دیبلۆماسییەکان لە عێراقدا کرایەوە، لەگەڵ گرتنەبەری ھەموو ڕێکارە یاساییەکان بۆ سزادانی ئەوانەی کە دەیانەوێت گەمە بە ئاسایش و سەلامەتی ئەو نێردە دیبلۆماسییانە لە عێراقدا بکەن.