سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح دووپاتیکردەوە کە عێراق بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە بەردەوام بوونی راوێژکردن لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشدا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٩/٦/٢٩ لە کۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مەنسور ئەلعەتەبی و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش کە بۆ یەکەم جارە سەردانی عێراق دەکەن.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح، ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق ھەوڵدەدات ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە سەر ھەردوو ئاستی ناوچەکە و جیھاندا، بۆ بەشداریکردنی لە ھەوڵەکانی بونیادنانەوە و چەسپاندنی سەقامگیری و خواستی ڕاستەقینەی عێراقیش بۆ چارەسەکردنی پرسە نێودەوڵەتییەکان بەڕێگا چارەی سیاسی و ھاندان بۆ گفتوگۆ لەنێوان گشت لایەنەکاندا، ھاوکات دووپاتیشی لە گرنگی پارێزگاریکردن لە سەروەری عێراق و سەلامەتی ئاسایش و یەکێتی خاکەکەی کردەوە، لە بەرامبەر ئەو مەترسی و ئاستەنگانەی کەڕووبەڕووبەری ناوچەکە بوونەتەوە.
ھەر لەدیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە ھەرچەند عێراقییەکان سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا و ناوچەکانیان ڕزگارکرد، بەڵام ھێشتا ئەرکی گەورەیان لە پێشە بۆ پارێزگاریکردن لە یەکریزی و بەدیھێنان خۆشگوزەرانی، ئەوەیش بەبێ یارمەتی ڕِێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وڵاتانی دۆست بەدی نایەت.
لەلای خۆیەوە مەنسور ئەلعەتەبی، پشتیوانی خۆی و ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ گەل و حکومەت و سەروەری عێراق دووپاتکردەوە و ستایشی ئەو سیاسەتە ھاوسەنگەی عێراقی کرد کە پەیڕەوی دەکات و بەپەرۆشە بۆ پابەندبوون بەبڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، ڕاستی ئەو ئاراستە سیاسی و کرانەوەی عێراقیش بەڕووی ناوچەکە و جیھاندا دەگەیەنێت.
ھەر لەدیدارەکەدا ،سەرۆک کۆمار لەگەڵ شاندی میوان باسیان لە دوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیھان و قەیرانەکان کرد، ھاوکات جەختی لە پێویستی کاری ھاوبەش بۆ نەھێشتنی قەیران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کرایەوە.