سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح ئەمرۆ هەینی ٢٠١٩/٦/٢٨ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە پادشای بەحرین شا حمد كوڕی عیسی ئالخەلیفە پێ گەیشت.
لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا پادشای بەحرەین ستایش و پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ ئەو رێ و شوێنە توندەی كە حكومەتی عێراق گرتوویەتییەبەر لە بەرامبەر ئەو ھێرشەی كرایە سەر باڵیۆزخانەی شانیشینی بەحرەین، ھاوکات جەختی لە پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییە کردەوە کە خزمەت بە هەردوو گەلی دۆست بکات.
ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك كۆمار ناڕەزایی حكومەت و گەلی عێراقی نیشاندا بەرامبەر بەو دەست درێژیانەی كە كرانە سەر باڵیۆزخانەی بەحرەین و دووپاتیشی كردەوە دەوڵەتی عێراق پابەندە بە پارێزگاریكردن لە دامەزراوە دیبلۆماسییەکان، ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد کە ئەم جۆرە رەفتارانە لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا نییە، حكومەتیش رێ و شوێنی گرتووتەبەر بۆ لێپێچینەوە لەوانەی کە تێوەگلاون و كەمتەرخەمیان كردوە لە رووداوەكەدا.
سەرۆك كۆمار راشیگەیاند عێراق پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەحرەینی دۆستدا پەرەپێَدەدات و رێگەش نادات درز بكەوێتە نێو رێرەوی برایانەی نێوان هەردوو گەل.