هەولێر – ا ه ع
تا ئێستا هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هیچ ئەنجامێكی نەبووە و بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان كۆبێتەوە و پێدەچێت پشووی هاوینەی پەرلەمان دوابخرێت.
دوای تێپەربوونی ماوەی 270 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا لایەنە سیاسیەكانی هەرێم نەگەیشتونەتە رێكەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
لە دوای راسپاردنی مەسور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ تا ئێستا ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان یەكلایی نەبۆتەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە پەرلەمانی كوردستان لە پشوی هاوینە نزیك دەبێتەوە.
بەپێی نوسراوێكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش، بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و لە كۆبونەوەكەدا بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی پشوی هاوینەی پەرلەمان بدرێت.
درێژكردنەوەی ئەو وادەیەش پەیوەندی بە رادەستنەكردنی ناوی كاندیدەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بە مەسرور بارزانی و ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتیی لەسەر پرسی بەرێوەبردنی هەرێمی كوردستان.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی راگەیاندبوو، كۆبوونەوە و پەیوەندییان لەگەڵ پارتی بەردەوامدەبێت بۆ جێبەجێكردنی دواقۆناخی رێككەوتنەكانیان لەبارەی پێكهێنانی پێكهێانی حكومەت.
دوای تێپەڕبوونی ماوەی 270 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان تا ئێستا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ چارەنوسی نادیارە و تا ئێستا لایەنەكان هەر لە قۆناغی كۆبونەوە و ئاڵوگۆڕی بیرورادان، ناشزانرێت پرسی دواخستنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی كوردستان دەبێتە هاوكار بۆ یەكلاییكردنی پێكهێنانی كابینەی نوێ یاخود نا، ئەوەش لە كاتێكدایە كە ناوچەكە بە قۆناغێكی چارەنوسسازدا تێدەپەرێت و دانیشتوانی هەرێمی كوردستانیش روبەرووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بونەتەوە لەسەر هەموشیانەوە قەیرانی دارایی و پرسی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران.