سەرۆک کۆمار و ئەمیری کوەیت تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵاتیان کرد

  • 19-06-2019, 00:00
  • +A -A

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح، دووپاتیکردەوە کە پەیوەندییەکانی عێراق و کوەیت لە سایەی دانایی و خواستی سەرکردایەتی ھەردوو وڵات ناکۆکییەکانی رابردوویان تێپەراند. 

    لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا سەرۆک بەرھەم ساڵح و ئەمیری دەوڵەتی کوەیت شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح کە ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠١٩/٦/١٩ لە کۆشکی سەلام ئەنجامدرا، سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەدا کە عێراق خوازیاری بونیادنانی پەیوەندییەکی بەھێزە لەگەڵ داروسێکانی بەتایبەتی دەوڵەتی کوەیت، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی دۆست بکات. 

    سەرۆک کۆمار ھەروەھا دووپاتیکردەوە کە عێراق لە ڕوانگەی چەسپاندنی بنەماکانی دیالۆگ و ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی و ھاوسەنگی لە ناوچەکەدا دەڕوانێتە قەیرانەکان.

    ھەر لەدیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ئەمیری کوەیت و شاندی یاوەری دەربڕی و ھیوای خواست کە ئەم سەردانە ببێتە فاکتەرێک بۆ ھەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتدا. 
     
    لەلای خۆیەوە، میری کوەیت ئاماژەی بە پشتیوانی وڵاتەکەی کرد بۆ عێراق لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی کە لە ئەنجامی کارە تیرۆریستییەکان دووچاری ھاتبوو، ھاوکات سەردانەکەیشی بۆ عێراق بە ھەلێک زانی تاوەکو برەو بە پەیوەندی و ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات بدات، لە ھەمان کاتدا چارەسەری دۆسێیە ھەڵپەسێراوەکانی نێوان ھەردوولا بکات، ھاوکات سەردانەکەیشی بە ھەنگاوێک ناوبرد بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و کوەیت و جەختیشی کردەوە کە سەقامگیری ئاسایش لە عێراق گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ کوەیت.

    ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و ھەوڵەکانی ھێورکردنەوەی دۆخەکە تاوتوێ کرا و ھاوکات باسیش لە بەشداری کوەیت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق و بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کرا بەجۆرێک کە خواستەکانی ھەردوو گەلی دۆست بەدیبھێنێت. 

    لە کۆتایدا سەرۆک کۆمار لە سەر شەرەفی ئەمیری کوەیت و شاندی یاوەری نێوەرۆ خوانێکی ئامادەکرد کە ھەریەک لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی دادگای فیدراڵ مدحەت مەحمود و ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی ھەردوو وڵات ئامادەی بوون.