محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی كرد لە بەرێز خالید حەمەد سڵێتی باڵیۆزی قەتەر لە عێراق بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لە ئەركەكەی.
لە میانی دیدارەكە بەرێزیان پیرۆزبایی لە سڵێتی كرد بە بۆنەی دەستنیشان كردنی وەك باڵیۆز لە عێراق و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكەی و گەشەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داواشی كرد ئاستی ئاڵوگۆری ئابوری فراوان بكرێت و هانی كۆمپانیا وەبەرهێنەكان بدرێت وەبەرهێنان لە عێراق بكەن لەسەرجەم بوارەكان و بەشداربن لە ئاوەدانكردنەوەی شارە رزگاركراوەكان لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش، جەختیشی كردەوە لەسەر ئامادەیی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەموو جۆرە پشتیوانییەك لەرێی دەركردنی یاسا بۆ ئاسانكاری و هاوكاریكردنیان لەرەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ وەبەرهێنان.
بەرێزیان تاوتوێی پەیوەندی پەرلەمانیشی لە نێوان هەردوو وڵاتدا كرد و بانگهێشتی سەرۆكی ئەنجومەنی شورای قەتەری كرد سەردانی عێراق بكات.
لای خۆیەوە باڵیۆزی قەتەر خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە دەستبەكاربوونی لە عێراق و ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشاندا هەموو جۆرە پشتیوانییەك لە حكومەتی عێراق و دەسەڵاتی یاسادانان بكات و بەشداربێت لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە.