محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ چوارشەممە، پێشوازی كرد لە بەرێز یوسف بن عەلەوی وەزیری كاروباری دەرەوەی سەڵتەنەتی عومان و شاندی یاوەری.
لە میانی دیدارەكە تاوتوێی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات و رێگەكانی گەشەپێدانی كرا، لەگەڵ ئەو پرسانەی جێی بایەخی هاوبەشن، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازیشی لە بڕیارەكەی سەڵتەنەتی عومان كرد بۆ كردنەوەی باڵیۆزخانە لە عێراق و بە هەنگاوێكی ئیجابی لەقەڵەمیدا بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو گەلی برا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هەردوولا.
هەر لە دیدارەكە تاوتوێی پرس و دواپێشهاتەكان كرا كە ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت لەگەڵ مەترسیییەكانی بەردەوامبوونی ناكۆكی و قەیرانەكان، تەئكیدیش كرایەوە لەسەر گرنگی دۆزینەوەی لێكنزیكبونەوە و هێوكردنەوە و پاراستنی سەقامگیری و كاركردن لەسەر هەماهەنگی هاوبەش دەرحەق بەو پرسە ئیقلیمیانە.
لەوبارەیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەیدا بە رۆڵی سەڵتەنەتی عومان لە سیاسەتی هێوكردنەوە و گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیشی بەرزنرخاند لەسەر ئاستی حكومی پەرلەمانی.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژەی بە ئەزمونی دیموكراتی لە عێراقدا كرد و ئەو پێشكەوتن و سەقامگیرییەی بەدیهاتوون دوای سەركەوتن بەسەر داعشدا، و تەئكیدی كردەوە لەسەر گرنگی گەشەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی لە هەڵوێستەكانی هەردوو وڵات لەسەر ئاستی عەرەبی و نێودەوڵەتی؛ بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیەكانی ناوچەكە لەسەر بنەمای دانوستانی برایانە و پێكەوژیانی ئاشتییانە.