سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عومان و دووپاتیکردەوە سەقامگیری عێراق بۆ ئاسایشی ناوچەکە گرنگه‌

  • 12-06-2019, 00:00
  • +A -A

    سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە عێراق بەشێکی گرنگە لە وڵاتانی ناوچەکە و کار بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایشی و ئارامی ده‌کات، لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان.

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠١٩/٦/١٢ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عومان یوسف بن عەلەوی و شاندێکی یاوه‌ری.

    لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق کار بۆ ئەوەی دەکات کە فاکتەرێک بێت بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، نەک ھۆکارێک بۆ ناکۆکی و ململانێ، ھاوکات دووپاتیشی کردەوە کە عێراق و عومان، دەکرێت ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر ببینن بە سودوەرگرتن لە پێگەی گرنگی خۆیان بۆ کاری پێکەوەی و ھاوبەش سەبارەت بەکێشە و پێشهاته‌کان.

    ھەر لەدیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح، خۆشحاڵی خۆی بەکردنەوەی باڵیۆزخانەی عومان لە بەغدا دەربڕی و بەھەنگاوێکی ئیجابی وه‌سفکرد بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی و ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات و  گەشەسەندنی ئابووری و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ ھەردوو گەلی دۆست.

    لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عومان، دووپاتیکردەوە کە سەردانەکەی بۆ عێراق گرنگییەکی تایبەتی ھەیە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و یەکخستنی ھەڵوێستەکان سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە.