سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠١٩/٦/١١ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە باڵیۆزانی نوێی عێراق لە ھەر یەک لە وڵاتانی تورکیا و کۆماری چیک و دەوڵەتی ئیمارات، بەبۆنەی دەستپێکردنی ئەرکە نوێیەکانیانەوە.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح ئاماژەی بە ھەوڵەکانی عێراق کرد بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان لە گشت بوارە جیاجیاکاندا بەمەبەستی بەھێزکردن پێگەی عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا، بەجۆرێک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق دەستەبەر بکات، ھاوکات جەختی لە گرنگی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیانی عێراق لە تاراوگە و واڵاکردنی دەرگای باڵیۆزخانەکان لە بەردەم ھاونیشتمانیاندا کردەوە.
لای خۆیانەوە باڵیۆزانی نوێ، ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ پشتیوانییەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی،جەختیشیان کردەوە لە بە جێگەیاندنی ئەو ئەرکە نیشتمانیەی کە پێیان سپێردراوە بەباشترین شێوە.