لە کۆبوونەوەی ھەر سێ سەرۆکایەتیدا جەخت لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت و یەکخستنی وتاری فەرمی دەرەوەی وڵات کرایەوە

  • 10-06-2019, 00:00
  • +A -A

    ھەر سێ سەرۆکایەتی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠١٩/٦/٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەئامادەبوونی سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران د. عادل عەبدولمەھدی  و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی کۆبوونەوە.

    لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسایش و یاسادانان لە وڵاتدا کرا، ھاوکات گفتوگۆ لە بارەی گرنگی تەواوکردنی کابینەی حکومەت و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت لە پیناو بەدیھێنانی خواستەکانی ھاووڵاتیان کرایەوە، سەبارەت بە بارودۆخی ھەردوو شاری کەرکوک و دیالە جەخت لە پێویستی خستنەگەڕی گشت ھەوڵەکان کرایەوە بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕێگای گفتوگۆی ڕاستەخۆ و بەرجەستەکردنی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان ھەموو پێکھاتەکان و بەشداری پێکردنیان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانیاندا.

    سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی عێراق ئامادەبووان ھاوڕابوون لە سەر پێویستی ھەماھەنگی لە نێوان ھەر سێ سەرۆکایەتیدا بۆ یەکخستنی وتاری فەرمی و پیادەکردنی ئاڕاستەیەکی میانڕەو لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراقدا.

    ھەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوا پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیھان کرا و ئاماژەش بەڕێگاچارەی گونجاو بۆ دورخستنەوەی عێراق و ناوچەکە لە قەیران و ململانێکان کرایەوە، ھەروەھا تیشک خرایە سەر بەشداریکردنی عێراق لە ھەردوو کۆنگرەی لوتکەی نائاسایی عەرەبی و ئیسلامی کە لە شارەی مەککەی پیرۆز ئەنجام دران و ھەڵوێستی عێراقیش سەبارەت بەقەیرانەکانی ئێستا  لە کۆنگرەکەدا کە گوزارشت بوو لە ھەڵوێستی دەوڵەتی عێراق بەگشتی و بەرژەوەندیە باڵاکانی و لەھەمان کاتیشدا کۆدەنگی عێراق بوو سەبارەت بەسیاسەتی دەرەوە.