سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٩/٦/٨ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ھایکو ماس وشاندی یاوهری.
لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی شاندی میوان دەربڕی و جهختی لەگرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و سود وەرگرتن لە ئهزموون و شارهزایی لە پێناوی پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان کردەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و پیشەسازیدا، ھاوکات ھەوڵەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیکردنی عێراقی لەبوارە جیاجیاکان و ھەروەھا پشتیوانی ئەڵمانیای بۆ گەلی عێراق، بەتایبەتی لە پرۆسەی کۆمەککردن ئاوارەکان بەرزنرخاند .
له درێژهی دیدارهکهدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەھەڵوێستی عێراق کرد لەبارەی ھەماھەنگی ھەڵوێستەکان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە و پێشھات له ناوچەکەدا، ھاوکات جهختی لە دیدی نەگۆڕی عێراق کردەوە، سەبارەت بە قەیرانەکانی ناوچەکە ، که بریتیه لە بهر چاوگرتنی بهرژهوهندی باڵای عێراق.
سەرۆک کۆمار روونیکردەوە کە دامەزراندنی سیستەمێکی ناوچەیی جێگیر و بەھێزکردنی کۆدەنگی نێودەوڵەتی و لهبهرچاوگرتنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان باشترین ڕێگا چارەیە بۆ دورخستنەوەی عێراق و ناوچەکە لە ئەگەری بهریهک کهوتن ململانێ .
ھەروەھا سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لهسهر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی ھاوبەش وسەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا رهفتار دهکات.
سهرۆک کۆمار باسی لە پێویستی یەکخستنی ھەوڵەکان کرد، لەپێناوی زاڵکردنی زمانی دیالۆگ و دورکەوتنەوە لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان، ھەروەھا ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی ئەڵمانیا کرد لە پشتیوانیکردنی ھەوڵەکانی ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەپێناوی ئایندەیەکی باشتر بۆ ناوچەکە.
لەلای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پابەندبوونی وڵاتەکەی لەپشتیوانیکردنی عێراق لە گشت بوارەکاندا و بەھەند وەرگرتنی ئەڵمانیای لە فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری دوو قۆڵی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا دووپاتکردەوە، ھاوکات ڕۆڵی سەرەکی عێراقیشی لەپێناوی بەھێزکردنی بنەماکانی ئاشتی وئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە بەرزنرخاند.