سەرۆك كۆماری عێراق د. بەرهەم ساڵح ئەمرۆ ٢٠١٩/٦/٤ لە یەکەم رۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا بە یاوەری دکتۆرە سەرباخ ساڵح خانمی یەکەمی عێراق، سەردانی گڵکۆی مام جەلالی لە دەباشان کرد و تاجەگوڵینەی دانا.
لە لێدوانێكدا سەرۆک بەرھەم تەئكیدیكردەوە، نەمری سەرۆك مام جەلال لە بەردەوامی رێبازكەی و لەو بەهایانەدایە كە لە ژیان و خەباتیدا پێی بەخشیووین، هەروەها سەرۆك كۆمار بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی موسڵمانانی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كرد و هیوای خواست ئەم بۆنەیە ببێت مایەی خۆشی و ئاشتی لە سەرانسەری وڵاتدا.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی یەك ریزی و یەك هەڵوێستی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كرد بۆ چارەسەری كێشەكان بە تایبەت ئەو دۆخە ناجۆرەی لە كەركوك هاتووەتە ئاراوە.