سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠١٩/٦/٢ لەکۆشکی سەلام لە بەغدا چاویکەوت بەھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق جوی ھود و سەبارەت بە دوا پێشھاتە سیاسیەکانی ناوچەکە وجیھان گفتوگۆیان کرد.
سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەدا کە عێراق بهلایهوه گرنگە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی فراوان بێته ئاراوه بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دورکەوتنەوە لە سیاسەتی جەمسەرگیری و جەنگ، ھەروەھا ھەڵوێستی عێراقی سەبارەت بەقەیرانەکانی ناوچەکە دووپاتکردەوە، کە پەیوەستە بە سیاسەتی نیشتمانی و بەرژەوەندی باڵای عێراق، ھاوکات سەرۆک کۆمار داوای بە دورگرتنی عێراقی لە ھەر قەیران و ململانێ یەک لە ناوچەکەدا کرد.
لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی دامەزراندنی سیستەمێکی ناوچەیی جێگیر کردەوە، کەمەبەست لێی پاراستنی ئاسایشی ھاوبەش و ڕێزگرتن بێت لە سەروەری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ، ھەروەھا گرنگی بونیادنانی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ لە نێوان گشت وڵاتاندا لەسەر بنەمای رێزگرتن لەسەروەری و بەرژەوەندی ھاوبەش.
ھەر لەدیدارەکەدا، جهخت لە گرنگی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان عێراق و ئەمریکا و پێویستی بەھێزکردنی لەگشت بوارەکاندا کرایەوە، بەجۆرێک کەخزمەت بە خواست و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو وڵات بکات.