سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ سێشەممە ۲۰۱۹/٥/۱٤ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا چاوی کەوت بە مەتران ئاڤاک ئەسادۆریان سەرۆکی تایەفەی ئەرمەنی ئەرتەدۆکس لە عێراق و شاندی یاوەری.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرمن پێکھاتەیەکی رەسەنی کۆمەڵگەی عێراقن و پابەندبوونی پێکھاتەی ئەرمەنیشی بە شوناسی نیشتمانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکەدا بەرزنرخاند، ھاوکات ئامادەیی خۆشی نیشاندا بۆ پشتیوانیکردنی داوا رەواکانیان لە دەستەبەرکردنی گوزەرانێکی باشتر لەگەڵ سەرجەم گەلانی عێراقدا.
لەلای خۆیەوە مەتران ئەسادۆریان رێز و پێزانینی خۆی بۆ ھەوڵەکانی سەرۆک کۆمار لە پێناوی نزیککردنەوەی دید و بۆچوونەکانی گشت پێکھاتەکانی گەلی عێراق و بەھێزکردنی گیانی لێکگەیشتنی نیشتمانی دەربڕی.
ھەر لە میانی دیدارەکەدا باس لە پێویستی گرنگیدانی زیاتر بە بەشداریکردنی پێکھاتەی ئەرمەن لە دامودەزگاکانی حکومەت و یاسادانان کرا.