پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رێكەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی واژۆكرا.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند: پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان و كاك مەسرور و كاك نێچیرڤان دەكەم، بۆ واژۆكردنی ئەم رێكەوتننامەیە".
كۆسرەت رەسوڵ وتیشی: رێكەوتنەكە مێژوییە، چونكە گەلی كورد پێشتر هەمیشە دژی یەكتر بوەو ناتەبا بوە، بەڵام هیوادارین ئەم رێكەوتنە كە بەهیمەتی هەموان واژۆكراوە، جێبەجێ دەكرێت.
راشیگەیاند: بەهیواین ئەم رێكەوتنە ببێتە خێرو خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان و ئابوری كوردستان بەرەو بوژانەوەو بەهێزبونەوە بڕوات.
لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: ئەمڕۆ دوای ماوەیەكی زۆر بە خۆشحاڵیەوە توانیمان رێكەوتنی نێوانمان واژۆبكەین، سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەین كە چاوەڕوان بون.