محەممەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق و مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیان ئاشکراکرد.
ئەمڕۆ مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا لەگەڵ محەممەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوەوە و دواتریش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا، محەممەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا باس لە سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کراوە بۆ عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، "باسمان لە پەیوەندیە بازرگانییەکانی نێوان هەردو وڵات کردوە و کارئاسانی بۆ وەبەرهێنە تورکیەکان دەکەین لە عێراقدا".
هاوکات مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، باسی زۆر لایەنی پەیوەندیدار بەهەردو وڵات کردوە و راوبۆچونیشیان لەسەر روداوەکانی ناوچەکە گۆریوەتەوە.