ئەمڕۆ ٢٠١٩/٤/١٤ سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح بەیاوەری ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفال کراوان و نوێنەری ئەمنیداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق خاتوو جینین ھینیس بلاسخارت و پارێزگاری سەماوە، بەمەبەستی بە سەرکردنەوەی یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە بەم دواییە لە بیابانی سەماوە دۆزراوەتەوە سەردانی سەماوەی کرد و وتارێکی پێشکەشکرد
دەقی وتاری سەرۆک کۆماری عێراق
لە ساڵیادی ئەنفالدا لەگەڵ کەسوکاری خۆم لە ئەنفالکراوەکان هاتوومەتە خزمەتان، هاتووینەتە بیابانی سەماوە، لەکاتێکدا لە دوای 31 ساڵ گۆڕێکی تری بەکۆمەڵی خەڵکی لێقەوما و مەزڵومی کوردستان دەدۆزینەوە. سوپاسی و پێزانینم بۆ خەڵکی سەماوە بۆ پارێزگا و هێزە ئەمنیەکانی سەماوە.
تاوانەکانی رژێمی پێشوو دەرحەق بە خەڵکی کوردستان تاوانێکی لە یاد نەچوون، تاوانی گەورە بوون دژ بە مرۆڤایەتی بۆ ریشەکێشکردنی بوونی نەتەوایەتی و ناسنامەی خەڵکی کوردستان، سەدام بەجێگەی حەقی خۆی گەیشت، بەسزای خۆی گەیشت، کەسوکاری ئەنفال ئەمڕۆ هاتوون بۆ بە سەرکردنەوەی ئازیز و نازدارەکانیان کە هیوادارین زوو بەزوو بگەڕێنەوە زێدی باو و باپیرانی خۆیان و شادبنەوە بەنیشتمانەکەی خۆیان لە کوردستان، بەڵام پەندێکی گەورەشە زوڵم بۆ کەس ناچێتەسەر، ئەو رۆژگارەی پشتیوانی هەموو دونیای هەبوو، خەڵکی کوردستان و خەڵکی عێراقیش تەنیا روبەڕووی داپڵۆسین و راگواستن و کیمیاباران و ئەنفال دەبوونەوە.
بە خەبات و تێکۆشان و پێداگری ئەو خەڵکە، بەجوامێری کەسوکاری سەربەزی ئەنفال و شەهیدەکانمان سەدام کۆتایی هات و وەزعێکی تازە هاتووەتە کایەوە لە عێراقدا، دەمانەوێت جارێکی تر ببڕای ببڕ نەهامەتیەکانی ئەنفال و دیکتاتۆریەتی تیا دووبارە نەبێتەوە، پێمان وابوو بە تەواوی بنبڕکراوە، بەڵام بە سەرهەڵدانی و داعش و کۆمەڵکوژیەکانی داعش دەرحەق بە پێکهاتەکانی عێراق و کوردستان و ئێزیدیەکان و خەڵکی تر وەبیرهێنانەوەیەکی گەورەبو بۆ هەموومان کە ئەو رەوتە ئەو بیرکردنەوەیە هێشتا ئاسەواری ماوە، بۆیە پێویستە هەم خەڵکی کوردستان هەم پێکهاتەکانی تری عێراق خەڵکە پەرۆش و دیموکرات خوازەکان پێکەوەبین، هەماهەنگ بین، هاوکاربین، نەهێڵێین جارێکی تر دیکتاتۆریەت رووبکاتەوە ئەم وڵاتە، نەهێڵین جارێکی تر خێر و بێری ئەم وڵاتە بۆ داپڵۆسین و کوشتن و لەناوبردن بێت.
ئەو رۆژگارەی سەدام بە کیمیاباران و ئەنفال لە گەرمیان لە چەمچەماڵ لە دۆڵی جافایەتی لە دەشتی کۆیە لە بارزان لە بادینان خەڵکی کوردستانی قەڵاچۆ ئەکرد تەنیا بووین، بەس شاخەکانی کوردستانمان پشت و پەنابوون، بۆ ویژادان و بۆ مێژوش ئەو سەردەمانە خەڵکی سەماوە باوەشیان بۆ زۆر لە رزگاربوانی ئەنفال کردەوە و هەماهەنگ و هاوسۆز بوون لەگەڵمان، ئەوانیش وەکو ئێمە دوچار زوڵم و نەهامەتی و داپڵۆسینی سەدام بوون.
گۆڕە بەکۆمەڵەکانی محاویل و ئەهوار و ناوچەکانی تری خواروی عێراق شایەتی ئەوەن، بۆیە پەنگی مێژوو زوڵم ناچێتە سەر، پەنگی مێژوو ماف و راستی و ئازادی هەرسەردەکەوێت، پەنگی مێژووش خەڵکە خێرخوازەکەی کوردستان و خواروی عێراق هەمیشە هەماهەنگ و هاوکارن، بۆ روبەڕوبوونەوەی دیکتاتۆریەت و کۆمەڵکوژی، من ناڵێم کۆتایی خەممان بێت، خەمەکەمان قوڵە، برینەکەمان هەرگیزا و هەرگیز ساڕێژنابێت، بەڵام بەڵکە بتوانین خزمەتی کەسوکاری ئەنفال بکەین، بەڵکە بتوانین ئەرکی سەرشانی خۆمان بەرامبەر بە ئەم خەڵکە میهرەبان و جوامێرە بەجێبێنین.
من ئەمڕۆ شانازی ئەکەم لەگەڵ ئەم کەسوکارەم، شانازی ئەکەم لەگەڵ کۆمەڵێک کوڕ و کچی تری ئەنفالیشم، کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالەوە گەڕاونەتەوە و ئێستا پێگەیشتون، مامۆستای زانکۆن، خەڵکی پسپۆڕ و لێهاتوون، خزمەتی کەسوکاری خۆشیان و نیشتیمانەکەی خۆشیان دەکەن، ئەوانەن رابردوی پڕبەسەرهات و کارەساتباری وڵاتەکەی خۆمان، بەڵام ئەوانەشن بەپێداگیری و خۆشەویستی خۆیان بۆ نیشتیمان و گەلەکەیان ئایندەیەکی گەشیش بۆ ئەم وڵاتە ئەنەخشێنن.
هیوادارم ئەم بۆنەیە هەمیشە یادکردنەوەکەی بۆ ئەوە بێت ئەو کارەساتانەمان لە بیرنەچێتەوە، لە بیرشمان نەچێتەوە کە ئێمە قەرزارباری کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانین، چیمان پێبکرێت بۆیان کەمتەرخەمی ناکەین، من دڵنیایان دەکەم چۆن لە کوردستان لە خزمەتیانا بوم وەهەوڵمداوە ئەوەی پێمبکرێت بۆیان دابینبکەین، لە بەغداشەوە بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەزگاکانی و لەگەڵ خەڵکە خێرخواو دڵسۆزەکان بۆ ئەوانیش و کەسوکاری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی خواروی ناوچەکانی تری عێراق هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە و بەڕێز بۆ ئەو کەسوکارانەی خۆمان دابین بکەین.
دوبارە زۆر زۆر سوپاسی بەشداربوونتان دەکەم لەم بۆنەیەدا.