سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی روسیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقا

  • 10-04-2019, 00:00
  • +A -A

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ چوار شەممە ١٠|٤|٢٠١٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پێشوازیكرد لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی روسیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە میخائیل به‌گدانۆڤ و شاندی یاوەری.
     
    له‌ دیداره‌كه‌دا سەرۆک کۆمار جه‌ختی له‌گرنگیدانی عێراق بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیای فیدراڵ لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و وەبەرھێناندا کردەوە، ھاوکات پەیوەندییە مێژوییەکانی ھەردوو وڵاتی بەرزنرخاند و داواشی کرد کە روسیا بەشداریەکی کارا  بكات لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان لە بواره‌كانی نەوت و ووزە دا.
     
    ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح، جەختی لە پێویستی یەکخستنی ھەوڵەکان كرده‌وه‌ له‌ بەرنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە و جیھان و فراوانکردنی بواری ھاریکاری و چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییه‌كان لە ناوچەکەدا.

    لای خۆیەوە به‌گدانۆڤ، سڵاوی سەرۆک ڤلادیمێر بووتین ی گەیاند به‌ سەرۆک بەرھەم ساڵح و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ حکومەت و گەلی عێراق دووپات کردەوە، و خواستی وڵاتەکەیشی نیشاندا بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە گشت بوارەکاندا.