سەرۆک کۆمار پێشوازی له‌ وه‌زیری بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی سعودیه‌ کرد

  • 4-04-2019, 00:00
  • +A -A

    سەرۆک کۆمارد. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ پێنج شەممە ٤|٤|٢٠١٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد له‌ شاندێکی سعودی بە سەرۆکایەتی وەزیری بازرگانی و وەبەرھێنان ماجد قەسەبی و سه‌باره‌ت به‌ پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و چۆنیەتی په‌ره‌پێدانی بازرگانی و وەبەرھێنان له‌ نێوان هه‌ردو وڵات بیروڕا ئاڵوگۆر کرا، هه‌روه‌ها دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی خولی دووھەمی ئەنجومەنی ھەماھەنگی عێراقی – سعودی و رێکەوتنی نێوان هه‌ردوولا باسی لێوه‌کرا.
     
    له‌ دیداره‌كدا سەرۆک کۆمار رۆڵی شانشینی سعودیه‌ی ‌لە پشتیوانیکردنی عێراق لە بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و بەشداریکردن له‌ ئاوەدانکردنەوەی شارە رزگارکراوەکان و کۆمەککردنی ئاوارەکانی بەرزنرخاند ، هاوكات دووپاتی کردەوە کە پەیوەندییەکی بەھێز عێراق و سعودیە پێکەوە دەبەستێتەوە و مێژووییەکی دوور و درێژی ھەیە.
     
    سەرۆک بەرھەم ساڵح، ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق پاش سەرکەوتنی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا بووه‌تە ویستگەیەکی گرنگ بۆ وەبەرھێنەران و چالاکی بازرگانی ئابووری ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ باشی زانی سه‌رمایه‌گوزارانی سعودیه‌ روو له‌ بازاڕی تازه‌ بوژاوه‌ی عێراق بکه‌ن.

    پاشان وەزیری بازرگانی و وەبەرھێنانی سعودی رێز و پێزانینی بۆ رۆڵی به‌رچاوی سەرۆک کۆمار لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتدا دەربڕی، ھاوکات ئاماده‌یی سەرمایەگوزاران و کۆمپانیاکانی سعودیە دووپات كرده‌وه‌ بۆ بەشداریەکی کارا لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا.