سەرۆک بەرھەم ساڵح پێشوازیکرد لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان

  • 3-04-2019, 00:00
  • +A -A

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/٤/٣ لە کۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنانی نەبیه بری، سەبارەت بە دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆیانکرد.

    لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح ئاماژەی بە سیاسەتی عێراق کرد لە دروستکردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ سەرجەم وڵاتان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و وەلانانی ناکۆکی و گرژییەکان، ھەروەھا باسی لەوە کرد که‌ عێراق دوای سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا رۆڵی بەرچاوی خۆی لە ناوچەکەدا دەگێرێت.

    ھەر لەدیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی ھەردو وڵات کرد لە رێگای گفتوگۆ و ئاڵۆگۆڕکردنی بیرورا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ھەردوو وڵات بکات.  

    دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و لوبنانی بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق بەیەک ریزی گەلەکەی و سەرکەوتنی بەسەر داعش و دەربازبوونی لە سەخترین مەترسی بووە سومبولێکی گەورە لە ناوچەکەدا.