هەولێر – ا ه ع
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ رووداوەكەی موسڵ پەیامێكی سەرەخۆشی دەنێرێت و رایدەگەیێنێت: " هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاراستەكراون و لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ هەموو پشتیوانی و هاوكارییەك، نەخۆشخانە و بەشەكانی فریاكەوتنیش لە هەرێمی كوردستان لە پێشوازیی لێقەوماواندان".
دەقی پەیامی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
ئەوپەڕی هاودەردی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان بۆ خانەوادە و كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوی ناخهەژێنی ئەمڕۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێكی گەشتیاری لە ڕووباری دیجلەدا لە مووسڵ دەردەبڕین.
پرسە و سەرەخۆشییان لێدەكەین و لەم كاتە سەخت و بەئازارەدا لەگەڵیانین. خوای گەورە دڵنەوایی و ئارامییان پێ ببەخشێت و هیوای سەلامەتی بۆ ڕزگاربووان دەخوازین. هیوادارین ڕووداوی دڵتەزێنی وا دووبارە قەت نەبنەوه.
هەر لە ساتی یەكەمی ڕووداوەكەوە لە نزیكەوە چاودێریی دۆخەكە و پێشهاتەكان دەكەین، هەموو دامودەزگا پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاراستەكراون و لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ هەموو پشتیوانی و هاوكارییەك، نەخۆشخانە و بەشەكانی فریاكەوتنیش لە هەرێمی كوردستان لە پێشوازیی لێقەوماواندان.
خوای گەورە پشتیوان و هاریكار بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
٢١/٣/٢٠١٩