لە یادی بۆردومانی هەڵەبجە بە چەكی كیمیای سەرۆك كۆمار: ئەمڕۆ هەڵەبجە ویستی بەرگری و هەڵسانەوە و ئاوەدانكردنەوە بەرجەستە دەكات

  • 16-03-2019, 00:00
  • +A -A


    لە میانی بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٩/٣/١٦ بەبۆنەی یادی 31 ساڵەی بۆردومانكردنی هەڵەبجە بە چەكی كیمیای لەسەر دەستی رژێمی پێشوو ، سەرۆك كۆمار رایگەیاند هەڵەبجە بیرەوەرییەكی زیندووە و كەسانی بە ویژان هەرگیز لە یادی ناكەن و دەبێتە پاڵنەرێك بۆ ئازادیخوازان بۆ ڕێگەنەدان بە دووبارە گەڕانەوەی رژێمە ستەمكار و دیكتاتۆرییەكان.

    ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە:

    به‌یاننامه‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق بەبۆنەی ٣١مین ساڵیادی بۆردومانکردنی ھەڵەبجەی شه‌هید بە چەکی کیمیاوی

    پێش ٣١ ساڵ رژێمی سەدام بە چەکی کیمیاوی هەڵەبجەی بۆردومانکرد.. جەستە پاکەکان کەوتن و ھەناسەکانیان خامۆشکران ، لێرە و لەوێ ، لەسەر شەقام و ڕێگاکانی ناو شار، ھەندێکیشیان چنگیان لە ژیان گیرکردبوو و وابەستەبوون بە خۆشەویستیان بۆ نیشتمان و ئاشتی و ئازادی و ئێستاشی لەگەڵ بێت ھەڵگری نەھامەتی و ئێش و ئازاری زۆرن.

    کەسوکارمان لە ھەڵەبجە لە ھەر ناوچەیەکی تری عێراق ھیچ تاوانێکیان نەبووە کە دووچاری ستەم و چەوساندنەوە بوون، تاکە تاوانیان ئەوەبوو کە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمێکی ستەمکاردا دەژیان کە ھەموو یاسا و رێسا ئاسمانییەکان و مافەکانی مرۆڤی پێشێل کرد، بۆیە ئەنجامی حەتمی بریتی بوو لە نەمانی ئەو دیکتاتۆریەتە قێزەوەنە کە وڵاتی وێرانکرد.

    ھەڵەبجە بیرەوەرییەکی زیندووە و کەسانی بە ویژدان ھەرگیز لە یادی ناکەن و دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئازادیخوازان بۆ ڕێگەنەدان بە دووبارە گەڕانەوەی رژێمە ستەمکارە دیکتاتۆرییەکان بۆ ئەوەی سەرجەم هاووڵاتیان لە خێر و بێری ئەم وڵاتەدا پێکەوە بە ئاشتیانە بژین و کار بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەدیھێنانی دواڕۆژێکی گەش بۆ وڵاتەکەمان.

    لەم ڕۆژەدا کە یادی قوربانیەکانی ئەم شارە دەکەینەوە کە بۆتە سیمبولی بەربەرەکانی زۆرداری و سه‌مفۆنیای ئاشتی و ناونیشانێک بۆ خۆشەویستی و پێکەوەژیان، لە ھەمان کاتیشدا یادی ئەو تاوانانە دەکەینەوە کە ئەنجامدراون دژ بە هاووڵاتیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە مەحاویل لە بەسرە و سەماوە و ئەنفال و گەرمیان و بادینان و لە کوشت و کوشتاری دەرھەق بە بارزانییەکان و چەوساندنەوە و ئاوارەکردنی کوردە فەیلیەکان.

    ئێمە لەم بۆنەیەدا کە لە ناخی ھەموو کەسێکی بە ویژداندا یادێکی خەمناک و ئازار بەخشە، دووپاتی دەکەینە کە پێویستە قەرەبووی ئەم شارە و خەڵکەکەی و کەسوکاری شەھیدانی بکرێتەوە کە قوربانیەکی گەورەیان داوە لە پێناوی داخوازیە رەواکانیان، بە تایبەت ئەوانەی کە دەر بە دەرکراون و ماڵ و موڵکیان سوتێنراوە، ئەوە جگە لە زیندوکردنەوەی سروشت و ژینگەکەی کە بە ھۆی ئەو کردارە تاوانکارییە قێزەوەنانەوە وێرانبووە.

    پێویستیشە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی ھەموو توانایەکی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ پێشکەشکردنی ھەموو جۆرە یارمەتی و پشتیوانیەک بۆ ئەم شارە خۆڕاگرە و ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی دادگایەکی کارا و تایبەت و دەرکردنی کۆمەڵە یاسایەک بۆ سنوردارکردنی بەکارھێنان و بڵاوبوونەوەی چەکە قەدەغەکراوەکان و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە لەو تاوانانەوە تێوەگلاون بۆ ئەوەی بە سزای رەوای خۆیان بگەن.

    تاوانی بۆردومانکردنی ھەڵەبجە بە زیندووی و وەک شایەتحاڵێک دەمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داھاتوو چونکە بەرجەستەی نەھامەتیەکانی گەلی کوردستان و ھەموو عێراقییەکانە لە بەرامبەر رژێمێکی زۆرداردا کە لە ڕێگەی بۆردومانکردنی ھاووڵاتیانی بێتاوانەوە بە چەکی کیمیاوی کە چەکێکی قەدەغەکراوە، ھەزاران ھاووڵاتی لەناوبرد.

    نەمری بۆ شەھیدانی سەربەرزمان لە قوربانیانی چەکی کیمیاوی و گۆڕە بە کۆمەڵەکان و تیرۆر و ئەشکەنجەدان ھیوامان ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری و گەشەسەندنە بۆ عێراقی دیموکراتی و فیدرال.


     بەرھەم ساڵح
    سەرۆک کۆماری عێراق