سه‌رۆك كۆمار سه‌ركۆنه‌ی په‌لاماری‌ تاوانباران‌ ده‌كات كه‌ له‌ نیوزله‌ندا كرایه‌ سه‌ر نوێژخوێنان

  • 16-03-2019, 00:00
  • +A -A

    سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ هه‌ینی ٢٠١٩/٣/١٥ سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌ تاوانبارانه‌ی كرد كه‌ له‌ ناوچه‌ی (كرایس چێرچ) له‌ نیوزله‌ندا نوێژخوێنانی كرده‌ ئامانج.

    سەرۆک بەرھەم ساڵح له‌ به‌یاننامه‌ی ئه‌و سه‌ركۆنه‌كردنه‌دا دووپاتی كردووەته‌وه‌ كه‌ (په‌لاماردانی نوێژخوێنان به‌و شێوه‌ دڕندانه‌ ده‌ست درێژیكردنه‌ بۆ سه‌ر به‌هاكانی چاكه‌خوازی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ نێوان كۆمه‌ڵگەكاندا).

    ھاوکات جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ به‌گژاچونه‌وه‌ی ھزری ته‌كفیری و توندڕه‌وی پێویستی به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و كۆششی نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ له‌ ناوبردنی و وشككردنی سه‌رچاوه‌كانی تیرۆر.

    ئه‌مه‌ی لای خواره‌وه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:
     
    به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

    به‌و په‌ڕی توڕه‌ییه‌وه‌ چاودێری هه‌واڵه‌كانی ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ پڕ تاوانكارییه‌مان كرد كه‌ تیرۆریستان له‌ كاتی نوێژی هه‌ینیدا كردیانه‌ سه‌ر هاووڵاتیانی بێ تاوان له‌ دوو مزگه‌وت له‌ ناوچه‌ی كرایس چێرچ له‌ نیوزله‌ندا.

    به‌ ئامانج گرتنی نوێژخوێنان به‌و شێوه‌ دڕندانه‌یه‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو به‌هاكانی چاكه‌خوازی و پێكه‌وه‌ ژیانی نێوان كۆمه‌ڵگەكان، ھاوکات دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تیرۆر بۆته‌ دیارده‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و پێویستمان به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و كۆششی نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ سنورداركردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی و له‌ ناوبردنی و وشككردنی سه‌رچاوه‌كانی .

    خوای گه‌وره‌ له‌ قوربانیانی بێتاوان خۆش بێت و سه‌رخۆشی له‌ كه‌سوكاریان ده‌كه‌ین و هیوای زوو چاك بوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین.

    به‌رهه‌م ساڵح 
    سه‌رۆك كۆماری عێراق