محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی كرد لە بەرێز جۆی هود هەڵسورێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا.
لە میانی دیدارەكە گفتوگۆ سەبارەت بە پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات و هەوڵ و پشتیوانیەكانی ئەمریكا لە بواری ئاسایش و سەقامگیری كرا.
هەر لەمیانی دیدارەكە بەرێزیان تەئكیدی كردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیەكانی بۆ عێراق بۆ تەواوكردنی شەڕی دژ بە تیرۆر و لەناوبردنی شانەكانی رێكخراوی داعش و پشتیوانی هەوڵی هەواڵگری و هونەری پێویست بۆ هێزە عێراقییەكان.
وتیشی چاوەڕوانی بەردەوامبوونی پشتیوانیەكانی ئەمریكاین بۆ حكومەتی عێراق لە جێبەجێكردنی بەرنامە حكومیەكەی و پێكەوە كاركردن بۆ كاراكردنی دۆسیەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكانی عێراق و دابینكردنی هەلی كار و گەڕانەوەی ئارامی بۆ زامنی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لای خۆیەوە هەڵسورێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا سەرلەنوێ پابەندربوونی حكومەتی وڵاتەكەی دوپاتكردەوە بۆ پشتیوانی لە عێراق لەسەرجەم بوارەكان و پاڵپشتی كردنی لە بەدیهێنانی سەقامگیری.