بەغداد – ا ه ع
د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار ئەمڕۆچوارشەممە له كۆشكی سەلام له بەغدا پێشوازیكرد لە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی كوەیت خالید رەوزان و شاندی یاوەری.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بەرهەم ساڵح جەختی له پێویستی بەهێزكردنی هاوكاری بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی كردەوە له پێناوی گەشه كردنی ئابووری و بەرژەوەندی هاوبەش، هاوكات چاودێری و جێ بەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراقیشی بە گرنگ وەسفكرد كە له كوەیت بەڕێوەچوو.
له میانی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بەخواستی عێراق بۆ كرانەوە بەڕووی وڵاتانی ناوچەكە و جیهاندا له گشت بوارەكانی ئابووری و پیشەسازیدا به جۆرێك كە پێگەی عێراق بەهێز بكات و خواستەكانی گەلەكەی دەستەبەربكات، هەروەها بەشداری وڵاتی كوەتی له یارمەتیدانی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكانی بەرز نرخاند.
لەلای خۆیەوە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی كوەیت گرنگی وڵاتەكەی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق دووپات كردەوە و ئامادەیی كۆمپانیاكانی كوەیتیشی بۆ وەبەرهێنان و دووبارە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری عێراق دەربڕی.
هەر لەمیانی دیدارەكەدا باس لە چەند بابەتی گرنگی نێوان هەردوو وڵات كرا و جەختیش لە بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و گۆڕینەوەی پسپۆڕی و هەماهەنگی هاوبەش لە گشت بوارەكاندا كرایەوە.