دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا و یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كرد

ناوخۆ
  • 18-02-2019, 00:00
  • +A -A

    بەغداد – ا ه ع
    بەبێ بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی بەرێوەچوو، دوای دەسپێكردنی كۆبونەوەكەش فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی هۆڵی پەرلەمانی جێهێشت و شێركۆ جەودەت سەرۆكی ئەو فراكسیۆنە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی ڕایگەیاند فراكسیۆنەكەیان دەنگ بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نادات لەبەر ئەوەی لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم ئەوان دەبنە ئۆپۆزسیۆن و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بە بەشێك لە دەسەڵات لەقەڵەم دەدەن.
    پێش كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنیش بۆ دەستەی سەرۆكایەتی، هێمن هەورامی لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی یەكێتییە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوویان لە دانیشتنەكەی پەرلەمان ئەوان بە شێوەیەكی كاتی كەسێك بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكەن، دوا بەدوای گەڕانەوەی فراكسیۆنی یەكێتیش بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمان پۆستەكە دەدەنەوە بە فراكسیۆنی یەكێتی.
    پاشان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد و هەر یەك لە ڤالا فەرید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا و 64 دەنگی بەدەستهێنا، هێمن هەورامیش بۆ پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا و 68 دەنگی بەدەستهێنا، مونا قەهوەچی-ش بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا و 60 دەنگی بەدەستهێنا. 
    هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30/9 ساڵی رابردوو ئەنجامدرا بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان پارتە سیاسیەكان پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم زۆر دواكەوت، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ناكۆكیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كردستان و یەكێتی نیشتمانی كردستان، هەرچی یەكێتییە پێی وایە دەبێت حكومڕانی لە هەرێم و پرسی كەركوك و بەشداریكردن لە حكومەتی فیدڕاڵی یەك پاكێج بێت، لەبەرامبەردا پارتی دیموكراتی كردستان پێوایە هەریەك لەو پرسانە پێویستە پاكێجێكی سەربەخۆ بێت و نەبەسترێنەوە بە یەكترییەوە.
    پێبینیش دەكرێت دانیشتنەكەی ئەمرۆی پەرلەمانی كوردستان كە بەبێ ئامادەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی بەرێوەچوو و تیایدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا، ناوكۆكیەكانی نێوان ئەو دوو حزبە فراوانتر بكات.