كوەیت – ا ه ع
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ چوارشەممە، چاوی كەوت بە شێخ سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح میری كوەیت.
لەمیانی دیدارەكەدا گفتوگۆ سەبارەت بە پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵاتی برا كرا لەگەڵ رێگەكانی پتەوكردنی هاریكاری دۆستانەی نێوان عێراق و كوەیت لەتەواوی بوارەكان، تەئكیدیش كرایەوە لەسەر گرنگی سەقامگیری عێراق كە كاریگەری دەبێت لەسەر سەقامگیری ناوچەكە لەرێی پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڵاتانی دۆست.
هەر لە دیدارەكەدا تاوتوێی دۆسیەی پشتیوانی لە حكومەتی عێراق و پاڵپشتی لە بواری وزەی كارەبادا كرا لەگەڵ جێگرەوەی بەپەلەی پرۆژە درێژخایەنەكان تا دەگاتە بەستنەوەی عێراق بە سیستمی كارەبای وڵاتانی كەنداو، ئاماژەش بە گرنگی بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی كۆنگرەی تایبەت بە وڵاتانی كۆمەكبەخش لە كوەیت كرا لەگەڵ دیاریكردنی ئەولەویەتی پێداویستیەكانی عێراق بۆ دەستكردن بە پرۆژەكان بەشێوەیەكی كرداری.
گفتوگۆش كرا سەبارەت بە بەشداری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاوەدانكردنەوەی شارە رزگاركراوەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان و سەقامگیری و پێشنیاری واژۆكردنی رێكەوتنی سندوقی كوەیتی بۆ بوژانەوەی ئابوری عەرەبی لەگەڵ سندوقی ئاوەدانكردنەوەی عێراق و پێدانی مینحەی 85 ملیۆن دۆلار لە چوارچێوەی كۆی ئەو مینحەیەی كە بڕەكەی دەگاتە 100 ملیۆن دۆلار كە مەبەست لێی دامەزراندنی پرۆژەی نوێیە بۆ كەرتی تەندروستی كە دروستكرنی بینا و كەرەستەكانی 32 بنكەی تەندروستی و نەخۆشخانە لە خۆدەگرێت و بەسەر پارێزگا زیانلێكەوتوەكاندا دابەشدەكرێت.
هەر لە دیدارەكەدا باس لە دۆسیەی هاریكاری ئەمنی هاوبەش لەبواری ریشەكێشكردنی تیرۆر و كاراكردنی جوڵەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و هەماهەنگی باڵا بۆ پێشكەشكردنی تەواوی ئاسانكاری بۆ بازرگانەكانی عێراق و كوەیت كرا.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە كوەیت و لەلایەن مەرزوق عەلی غانم سەرۆكی ئومەی كوەیتی پێشوازی لێكرا.