بەغداد – ا ه ع
د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار ئەمڕۆ دووشەمە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.
سەرۆك كۆمار له میانی دیدارەكەدا جەختی له گرنگی ڕۆڵی عێراق له بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر و هەوڵەكانی له پێناوی بەرجەستەكردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە كردەوە، هاوكات سەرۆك بەرهەم ساڵح پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و فەرەنسای دووپاتكردەوە بەجۆرێك كه خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوو وڵات بكات، هەروەها بەرێزیان ئاماژەی بە گرنگیدانی عێراق كرد بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
هەر لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار دووپاتی كردەوە كە عێراق خوازیاری هاریكاری زیاترە لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و بازرگانیدا و لەوبارەیەشەوە داوای لەكۆمپانیا فەرەنسیەكان كرد بۆ بەشداریكردن له پرۆسەی ئاوەدانكردەوە و بونیادنان و گەشەپێدانی ئابووری عێراق ئامادەییان هەبێت و سود وەرگرن له هەلی وەبەرهێنان كە لە عێراقدا ڕەخساوە.
لەلای خۆیەوە وەزیری فەرەنسا دووپاتی پشتیوانی وڵاتەكەی لە عێراق لە گشت بوارەكاندا كردەوە، هاوكات لۆدریان بە فەرمی و بە ناوی وڵاتەكەی بانگهێشتی سەرۆك كۆماری كرد كە سەردانی فەرەنسا بكات.