بەغداد – ا ه ع
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ دووشەممە، لە تەلاری ئەنجومەن بە ئامادەبوونی جێگرانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی كرد لە جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و وەفدی هاورێی.
لەسەرەتای دیدارەكە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لە بەرێز لۆدریان كرد و ئاماژەی بەوەكرد عێراق پەرۆشە بۆ هاوكاری كردن لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە نێویشیاندا فەرەنسا لەو بوارانەی جێی بایەخی هاوبەشن لەوانە روبەروبونەوەی تیرۆر و رێكخراوە توندڕەوەكان.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بە ڕۆڵی فەرەنساش كرد لە پشتیوانیكردنی لە عێراق و تەرخانكردنی بڕی 430 ملیۆن یۆرۆ وەك قەرز بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارە ڕزگاركراوەكان و بەشداری كردن لە ئاوەدانكردنەوەی زانكۆی موسڵ، داواشی كرد سود لە شارەزایی فەڕەنسا لە بواری ئاوەدانكردنەوەی شارەكان وەربگیرێت، و دەروازەی وەبەرهێنانیش بكرێتەوە بەو جۆرەی خزمەت بە پەیوەندییەكان هەر دوو وڵات دەكات.
لای خۆیەوە بەرێز لۆدریان پەرۆشی حكومەتی فەڕەنسای نیشاندا بۆ پشتیوانیكردن لە عێراق لە دۆسیە گرنگەكانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و ئاوەدانكردنەوەدا.