بەڕێز سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح بایەخی پێکەوە ژیانی ئاشتی و هاوبەشی نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عیراق و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بۆ قۆناغی دوای داعشی دووپاتکردەوە کە تەبایی و خۆشویستن و برایەتی باڵ بکێشێت بەسەریدا.
ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠١٨/١٢/٢٥ بەڕێز سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح لەکۆشکی سەلام لەبەغداد پێشوازیکرد لەنوێنەری سەماحەتی بابە شێخ سەرۆکی رۆحی ئاینی ئێزیدی لە عێراق و جیهاندا، لەو دیدارەدا دووپاتیکردەوە کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەرچی زووە ئاسانکاریی بکەن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، هەروەها دۆخێکی ئەمنی و خزمەتگوزاری لەباریان بۆ دابین بکرێ.
لەو دیدارەدا کە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی ناسراوی ئێزیدییەکان ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆک کۆمار روونیكردەوە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە خەڵکەکەی ئاوارە بوون پێویستی بە هەوڵێکی هاوبەشە کە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە خۆجێییەکانە بەشداری ئاوەدانکردنەوەی بکەن، هاوکات خەڵکی ئەو ناوچانەش هاریکارییان بکەن لەپێناوی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ئەو ناوچانە.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک کۆمار رایگەیاند "ئێمە چ وەک دەوڵەت چ وەک لێپرسراوان پێویستە کار بکەین لەپێناوی گەڕانەوەی كەسوكارە رفێنراو وە ئێزدییەكانمان و دیاری كردنی چارەنوسیان وەك مافێكی رەوایان كە بەسەر ئێمەوەیان هەیە".
بەڕێزیان ئاماژەیدا بۆ قوربانیدانی ئێزدییان، ئەو قوربانیدانەی رۆڵە ئێزیدیەكانی گەلەكەمانی بەرز نرخاند لە كاتی بەگژاچوونەوەیان دژی داعشی تیرۆریست، هاوكات ستایشی خۆڕاگریی و دان بەخۆداگرتنیانی كرد و دووپاتیكردەوە ئیزدییەكان بەو خۆڕاگرییەیان داستانی قارەمانانەیان تۆمار كردووە كە جیهان پێیان سەرسامە بە تایبەتی دوای ئەوەی چالاكوان نادیە موراد خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی بەدەستهێنا.
لای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەكە سەرباری بەرز نرخاندنی ئەو پشتیوانی و پشتگیرییەی سەرۆك كۆمار لە ئێزدییەکان كە هاوسۆزیان بووە لە كاتی مەینەتییەكانیاندا، هاوكات پابەند بوونی ئێزدییەكانیان دووپاتكردەوە بە خاكی نیشتمانەكەیان و پێكەوە ژیانی هاوبەش لەگەڵ خوشك و براكانیان لە پێكهاتەكانی تر، هەروەها ئامادەبوونی خۆیان نیشاندا بۆ بەشداریكردن لە بنیادنانی عێراقی نوێدا كە جێگەی هەموو پێكهاتەكانی تیادا ببێتەوە.