ئەمڕۆ شەممە ٢٢|١٢|٢٠١٨ بەڕێز سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێ گەیشت و پێکەوە دوایین پێشھاتی ناوچەکە و جیھانیان تاوتوێکرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ھۆکارەکانی بڕیاری پاشەکشێی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بە چڕیی بۆ بەڕێز سەرۆک کۆمار روونکردەوە، لەو بارەیەوە دووپاتیکردەوە "ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەند دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر لە عێراقدا".
بەڕێز سەرۆک کۆماریش لای خۆیەوە بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای راگەیاند عێراق و ناوچەکە پێویستیان بە چارەسەرێکی سیاسییە بۆ قەیرانی سوریا و کۆتایی ھاتنی ئەو توندو تیژیی و ململانێ بێ ھودەییە کە گەلی سوریا باجێکی زۆری بۆ داوە بە ھۆی داگیرکردنی شارەکانیان لەلایەن تیرۆریستانەوە کە دڕندانەترین تاوانیان بەرامبەر ئەنجام دراوە، ھاوکات وتی دەستوەردانی دەرەکییەکان ئەو وڵاتەیان وێرانکردووە.
سەرۆک بەرھەم ساڵح لە میانەی گفتوگۆ تەلەفۆنیەکەدا لەگەڵ مایک پۆمپیۆدا دووپاتیکردەوە کە پێویستە پاشەکشێ کردنەکەی ھێزەکانی ئەمریکا فاکتەری بەدیھاتنی ئاشتی بێت، لەسەر بنەمای رێز گرتنی مافی سورییەکان و بڕیاری سەربەخۆییانە نەک قۆناغێکی تری توندو تیژیی و دەستوەردانی تر سەرھەڵبداتەوە.
سەرۆک کۆمار ئەوەشی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیاند کە پێویستە بارودۆخی عێراق رەچاو بکرێت و پrیشکی گرژیی و ئالۆزییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بەر نەکەوێ، ھەروەھا ئەوەیشی روونکردەوە کە دەبێت پارێزگاریکردن لە سەروەریی و بەرژەوەندی نیشتمانی عێراق بکرێتە بناغەی ھەر مامەڵە کردنێک لە پێناوی چەسپاندنی ئارامی و پاراستنی دەستکەوتەکانی سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا.