بەغداد – ا ه ع
د. بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە "عێراق خاوەنی دەرامەت و توانا و شارەزای مرۆیی زۆرە و پێویستی بە چەسپاندنی بناغەی ھاوبەشی ڕاستەقینەیە لەگەڵ تەواوی وڵاتانی جیھاندا بە ئامانجی بوژانەوەی باری ئابووری وڵات.
ئەو دووپاتكردنەوەیەی بەڕێزیان ئەمڕۆ سێشەممە لە كاتی پێشوازیكردنی بوو لە ھایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و وەفدی یاوەری .
لە دیدارەكەدا كە لە كۆشكی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار گوتی ئێستا عێراق بووەتە مەڵبەندێكی سەرنج ڕاكێشان بۆ كۆمپانیا و وەبەرھێنانی دەرەكی، بە تایبەتی لە دوای سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر داعشی تیرۆریست و سەقامگیر بوونی ئاسایش لە وڵاتدا، ھەروەھا دوای كرانەوەی سیاسی بەرووی وڵاتانی ناوچەكە و جیھاندا "، بەڕێزیان ڕوونیكردەوە كە عێراق مەبەستێتی گەشە بدات بە پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ ئەڵمانیادا و پێویستی ھەماھەنگی نێوان عێراق و یەكێتی ئەوروپای دووپاتكردەوە لە پێناوی ڕەواندنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكە و پشتیوانیكردنی عێراق لە ھەوڵەكانیدا بۆ ئاوەدانكردنەوە و ئارامی.
سەرۆك كۆمار بەرھەم ساڵح ھەڵوێستەكانی حكومەتی ئەڵمانیا و پشتگیریكردنی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییدا بەرز نرخاند، ھەروەھا سوپاسی ئەو وڵاتانەی كرد لە بەرامبەر پێشكەشكردنی كۆمەكی مرۆیی و ئەمنی و سەربازی بە ھێزە ئەمنییەكان.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا گۆرانكارییەكانی ھەردوو ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی تاوتوێكرا، ھاوكات پێویستی چەسپاندنی پایەكانی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكەدا گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پەرۆشی حكومەتی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی و كۆمەكردنی عێراق لە ھەموو بوارەكاندا، ڕوونیشیكردەوە كە حكومەتی بەرلین لێبڕاوانە كار دەكات بۆ پتەوكردنی بنەماكانی دۆستایەتی و ھاریكاریی ھاوبەش لەگەڵ عێراقدا.