بەبۆنەی رۆژی سەركەوتن .. سەرۆك كۆمار تەئكید دەكاتەوە لەسەر گرنگی تەواوكردنی سەركەوتنی سەربازی بە سەركەوتنی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری كەشایستەی مێژوو و گەلی عێراق بێت

  • 10-12-2018, 00:00
  • +A -A

    بەغداد – ا ه ع
    ئەمڕۆ دووشەممە  د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لە پەیامێكیدا بە بۆنەی یەكەمین ساڵڕۆژی سەركەوتن بە سەر تیرۆرستانی داعشدا پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و هێزە ئەمنییەكان كرد بە هەموو بەش و ریزەكانیانەوە.
    ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
    ئەمڕۆ گەلەكەمان یادی یەكەمین ساڵڕۆژی سەركەوتنی دەكاتەوە بەسەر دڕندانەترین پەلاماری تاوانكاری كە مێژوو بە خۆیەوە بینیوە، لەم رۆژەدا تەواوی شار و گوندەكان رزگار كرا كە تیرۆریستانی داعش داگیریان كردبوو وێرانكاری و خراپەكاری و كوشتن و بڕین باڵی كێشابوو بەسەریاندا.
     
    شادمانین بەم بۆنە مەزنە مێژوییەوە گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەش بە هاووڵاتیان و هێزە چەكدارە قارەمانەكانمان بكەین (سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان و رۆڵەكانی عەشیرەت و هۆزەكان)، داوای سەركەوتنی بەردەوامیان بۆ دەكەین، هەروەك داوای ئارامی و ئاشتی دەكەین بۆ وڵاتەكەمان بەرەو ئاسۆیەكی پێشكەوتنی فراوانتر لە هەموو بوارەكاندا.
     
    گەلەكەمان لە جەنگی تیرۆر و خۆڕاگریدا داستانی قارەمانێتیی و دلێرانەی كەم وێنەیان تۆمار كرد قارەمانەكانی هێزە چەكدارەكانمان لە (سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان و رۆڵەكانی عەشیرەت و هۆزەكا) بە قوربانی و گیانفیداییەكانیان بەرجەستەیان كرد، هاوكات هاووڵاتیان بە هەموو شێوەیەك پشت و پەنا و هاوكار و هاندەری ئەو قارەمانانە بوون لە پێناوی سەربەرزیی و ئازادی و ئاشتی دا.
     
    فەتوای مەرجەعیەتی ئاینی لە نەجەفی پیرۆز رۆڵێكی گەورەی هەبوو بۆ ورە بەخشین لە بەرەنگاربوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆریستە داعشییەكان و بەدەستهێنانی ئەم سەركەوتنە مەزنەدا، هەروەها نابێت رۆڵی پشتیوانی دۆستەكانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكە لە بیر بكرێت كە پشتی عێراق و هێزە قارەمانەكانیان گرت، ئەو هەڵوێستەیان لە بیرەوەری گەلی عێراق و لە بیرەوەرییەكانی مرۆڤایەتیشدا دەمێننەوە، بەوەش ئێمە لە عێراق دەخاتە بەر لێپرسراوێتیەك كە بیپارێزین و داكۆكی لە پێودانگەكانی ئەو هەڵوێستانە بكەین، بەو پێیەی تیرۆری داعشی هەڕەشەیەكی ترسناك بوو، تا ئێستاش نەهامەتییەكانی گەلەكەمان لە هەموو پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان و قوربانیدانەكانی هەموو پێكهاتەكان بە تایبەتی ئێزدی و مەسیحییەكان ساڕێژ نەبوون، هەموو پێكهاتەكان بە بەرچاومانەوە روبەڕووی كۆمەڵ كوژی و كوشتار و دەربەدەریی بوونەوە، ئەمەش دەبێت ورەمان زیاتر بكات و سوربین لەسەر درێژەدان بە خەبات و تێكۆشان و بەدیهێنانی داواكارییەكان بۆ ژیانێكی سەربەرز و دادپەروەری بۆ هەموو هاووڵاتیان.
     
    جەنگاوەرەكان بە نرخێكی گەورە سەركەوتنی سەربازییان بەدەست هێنا، پێویستە سەركەوتنی یەكجارەكی بە ئاكام بگەیەنین، بۆ ئەوەش كاری زۆرمان لە بەردەمدایە لە روی یاسا دانان و كاری حكومی و لە ئاستی كۆمەڵایەتی و كلتوری و روناكبیریشەوە تا فاكتەرەكانی سەرهەڵدانی توندوتیژیی و تیرۆر و تاوان بنبڕبن و كۆتاییان بێت.
     
    ئەوەی كە بەهاو پێویستی ئەم ئەركە دووپات دەكاتەوە دوای قوربانیدانەكان و سەركەوتنە سەربازییەكان، پەی بردن و زانینی ئەو راستیەیە كە داعش هەر بە تەنیا بە داگیركردنی شار و گوندەكانمان بە پەلامارێكی سەربازی دەستی بە دوژمنكارییەكانی نەكرد، بەڵكو دەرەنجامی بارودۆخێكی ناوخۆیی و هەرێمایەتی نا سەقامگیر بوو، بۆیە پێویستە كاری جددی و لێبڕاوانە بكرێت لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەكەدا بەو ئامانجەی كەشێكی سیاسی لەبار بڕەخسێت كە ببێتە پاڵپشت بۆ هەوڵی چاكسازی راستەقینە و ئامادەسازی جددی بۆ قۆناغی دوای رزگار بوونی عێراق لە تیرۆری داعش.
     
    سەركەوتن ئەو كاتە بە ئاكام دەگات و تیرۆر بە یەكجارەكی لە ناو دەچێت كە بە ئازایەتی و بوێرییەوە هەنگاو بۆ پێشەوە بنرێت بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر لە بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بێكاری و چاككردنی خزمەتگوزارییەكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەبووەكان بۆ شار و گوندەكانیان، هاوكات كاریش بكرێت لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتێدا تا ناوچەیەكی ئارام و ئۆقرەی دور لە ناكۆكی بێتە ئاراوە، كە گەلانی ناوچەكە باجی قورسدەدەن لە بەردەوامبوونی ئەو ناجێگیریەدا، سەربەخۆی و سەروەری عێراق و پاراستنی ئاسایش و جێگیری سیستمە فیدراڵی و دیموكراسییەكەی و بوژانەوە و پێشكەوتنی عێراق، پێویستی بە كاری سیاسی دڵسۆزانە و جددییە كە چاكسازی چاوەڕوانكراو بەدی بهێنێت ئەو داوا و خواستەی هەر دەبێت بكرێت.
     
    هەموو ئەوانە پێویستە هەنگاوی بۆ بنرێت و جێبەجی بكرێت، چونكە هاووڵاتیان داوامان لێ دەكەن، خوێنی شەهیدەكانمان داوامان لێ دەكەن، هەروەها هەمووان بەرامبەر وڵاتەكەمان بە مێژو و شارستانی گەل و پێگە گرنگەكەیەوە لە ناوچەكەو جیهاندا كە شایستەی ئەوەیە.
     
    با رۆژی سەركەوتن ببێتە بۆنەی یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ بەرنامەیەكی راستەقینە و جددی كاركردن لە پێناوی بەدیهێنانی خواستەكانی گەل و وڵاتمان و بەو كارەمان پاداشتی قوربانیدانی شەهیدەكانمان و خانەوادەكانیان دەدەینەوە و یارمەتیدەر دەبێت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و سەر لەنوێ ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانی شارەكان و كۆتایی هێنان بە هەژاری و بێبەشبوون و نەخوێندەواریی، لە سایەی دەوڵەتێكی دیموكراسی دادپەوەردا كە هەمووان شانازی پێوە بكەن. 
     
    ئەم لێپرسراویەتی نیشتمانییە پێویستە رای بپەڕێنین زۆریش دواكەوتووین لە بە ئاكام گەیاندیدا، هاوكات هاووڵاتیان زۆر دانیان بە خۆدا گرت و ئارامیان گرت، ئیتر پێویستە ئەركەكان تەواو بكەین، پێویستە بە سەركەوتنی سیاسی و كۆمەڵایەتی و روناكبیری درێژە بدرێت بە سەركەوتنی سەربازی كە شایستەی مێژوی عێراق و گەلەكەی بێت.
     
    نەمریی بۆ شەهیدان..
    سەربەرزیی بۆ جەنگاوەرە دلێرەكان..
    سوپاسی زۆر بۆ هەموو ئەوانەی گیانفیداییان نواندوە و پشتیوانیان كردووە.
    سەربڵند بێت گەلەكەمان.
     
    د. بەرهەم ساڵح 
    سەرۆك كۆمار