بەغداد – ا ه ع
د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن ڕوحانی سەرۆكی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لە پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات كردەوە.
بەرهەم ساڵح ڕایگەیاند، “من لە بەغداوە بە پەیامێكی ڕوونەوە هاتووم، ئەویش گرنگی بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان ئێران و عێراقە”.
هەروەها سوپاسی وڵاتی ئێرانی كرد بۆ هاوكاریكردنی عێراق لەسەردەمی ڕژێمی سەددام، هەروەها پشتیوانی كردنی عێراق لە شەڕی دژ بە چەكدارانی داعش.
سەرۆك كۆمار وتیشی، پێوستە سیستەمێكی هەرێمی خزمەتگوزار بە هاوڵاتیان دابمەزرێت و عێراق نەكرێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئیرادە جیاوازەكان.
لەلایەكی دیكەوە حەسەن ڕوحانی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا ڕایگەیاند، لەكۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق باسیان لە دەرهێنان و هەناردەی نەوت و هاوكاریكردنی عێراق كردووە لەڕووی دابینكردنی وزەی كارەباوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هیوادارین پرۆژەی هێڵی ئاسنینی نێوان ئێران و كەربەلا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە گرنیگی خۆی دەبێت بۆ پەرەپێدانی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و ئاسانكاری دەكات بۆ هاوڵاتیانی ئێران بۆ سەردانكردنی مەزارگەی ئیمام حسێن.
سەبارەت بە پرسی ژینگەش ڕوحانی ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە بەهاوكاری هەردوو وڵات شەتولعەرەب پاكبكرێتەوە، وتیشی دەبێت ڕێگەچارەیەك بدۆزرێتەوە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی گەردەلولی خۆڵباران كە ڕوو لەهەردوو وڵات دەكات و كاریگەری نەرێنی بۆ سەر ژینگەی ناوچەكە دەبێت.
ئەوەشی ئاشكراكرد، لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق ڕێكەوتوون كە ناوچەی بازرگانی و پێشەسازی ئازاد لەسەر سنووری هەردوو وڵات بكرێتەوە، هەروەها باسی لەوەشكرد پاراستنی سەقامگیری عێراق گرنگیەكەی زۆری هەیە بۆ وڵاتەكەی.